بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاگرتنی مامەڵەکردن بە دۆلار لە بانکی بەغدا ڕەت دەکاتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاگرتنی یەدەگی دراوی بیانی بۆ حەواڵەی دەرەکی ڕەت کردەوە، لە هەمان کاتدا ڕاگرتنی مامەڵەکردن بە دۆلاریشی لە بانکی بەغدا ڕەت کردەوە.

چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، بانکی ناوەندیی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند: ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە سەبارەت بە ڕاگرتنی مامەڵەی دۆلار لە بانکی بەغدا، یان ڕاگرتنی یەدەگی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بۆ حەواڵەی دەرەکی، دوورن لە ڕاستییەوە.

بانکی ناوەندیی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، بانکی بەغدا بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ کێشە، لە ژێر ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق کار دەکات.

ئەم ڕوونکردنەوەی بانکی ناوەندیی عێراقیش دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ ڕوانگەی "ئێکۆ عێراق"، کە تایبەتە بە کاروباری ئابووری ڕایگه‌یاند، له‌ كۆی 72 بانك كه‌ له‌ عێراق كار ده‌كه‌ن، 35ـیان کەوتوونەتە ژێر سزاکانی ئەمه‌ریکاوە.

ڕوانگەی "ئێکۆ عێراق" باسی لەوەش کرد،  دوایین بانک کە سزای بەسەردا سەپێنراوه‌، بانکی بەغدا بووە، بەهۆی ئه‌وه‌ی بەڕێوەبەری پێشووی کارگێڕیی ئه‌و بانكه‌ "دووزمانی" كردووه‌ و زانیاریی هه‌ڵه‌ی گواستووه‌ته‌وه‌.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment