دەستەی گەشتوگوزار: بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم زیاد دەکات

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ژمارەیەک پرۆژەی گەشتیاری دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کەمبوونەوەی ئاو لە ناوچەیەکی گەشتیاری یان وشکبوونی ناوچەیەک، کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران نەکردووە، چونکە هەرێمی کوردستان خاوەنی ژمارەیەکی زۆری ناچەی گەشتیارییە و کەشو هەوایەکی گونجاوی هەیە.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتیشی: هەرچەند پلەکانی گەرما بەرزببنەوە، هاتنی گەشتیاران لە خواروو و ناوەراستی عێراق زیاد دەکات، چونکە هەرێمی کوردستان بژاردەی یەکەمی گەشتیارانی عێراقە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ماستەر پلانی گەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی ئەو دەڤەرە بکات و لەڕووی کەرتی گەشتیارییەوە پێشکەوتنێکی بەرچاو بەخۆییەوە دەبینێت، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک پرۆژەی دیکەی گەشتیاری لەبواری جێبەجێکردن دان.

دەربارەی ئاماری هاتنی گەشتیاران بۆ ئەمساڵ، ئیبراهیم عەبدولمەجید، باسی لەوە کرد، تاوەکوو ئێستا ئامارێکی دروستمان کۆنەکردووەتەوە، چونکە پلانمان وایە ئاماری گەشتیاران ڕێکبخەینەوە، لەڕووی ژمارە و ڕەگەز و نەتەوە و شوێنەوە تۆمار بکەین.

پشووی هاوین و داخستنی دەرگەی قوتابخانەکان و نزمی پلەکانی گەرمای ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بە بەراورد بە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ژمارەی هاتنی گەشتیاران لە زیادبوونە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment