باسم قاسم وەکو راهێنەری یانەی هەولێر ناسێندرا

باسم قاسم
باسم قاسم

دوێنێ چوارشەممە 6ـی ئابی 2025 بە شێوەیەکی فەرمی، باسم قاسم وەکو راهێنەری یانەی نوێ هەولێر بە هاندەرانی یانەکە ناسێندرا و دوای ناساندنیشی لەسەر قەڵای هەولێر، لەلایەن هاندەرانی یانەکە پێشوازی لێکرا.

دوای دەستنیشانکردنی باسم قاسم وەکو راهێنەری نوێی یانەی هەولێر، ئەو راهێنەرە عێراقیە ئێوارەی دوێنێ لەسەر قەڵای هەولێر و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاندەرانی یانەکە، بە میدیاکان ناسێندرا.باسم قاسم یەکێکە لە دیارترین راهێنەرانی عێراق و پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی وەکو شوڕتە، کەرخ، دهۆک، زاخۆ، تەڵەبە، سلێمانی، زەوڕا و چەند یانەیەکی دیکە کردووە و پێشتر سێجار نازناوی خولی عێراقی و جارێکیش پاڵەوانی خولی یەمەنی و دوو نازناوی ئاسیایی هەیە.

باسم قاسم وەرزی رابردوو راهێنەری یانەی تەڵەبە بوو و لەگەڵ ئەو یانەیە، لە کۆی 40 یاری توانی 19 بردنەوە و 12 دۆڕان وهەروەها 9 یەکسانبوون تۆمار بکات و لە کۆتاییدا لەگەڵ یانەی تەڵەبە، پلەی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بەدەستهێنا.

راهێنەرەکەی یانەی هەولێر دوای ناساندنی تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو ئاست و ئەنجامی باش بەدەست بهێنن و یەکێک بن لە یانەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق.

 

 

 
Fly Erbil Advertisment