پچڕانی کارەبا بووەتە کێشەی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کێشەی پچڕانی کارەبا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر تایبەت بە شارەکان نییە و گوندەکانیشی گرتووەتەوە و ڕۆژانە لە نێوان دوو تا پێنج کاتژمێر بێکارەبا دەبن.

لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پچرانی کارەبا بووەتە کێشەیەکی ڕۆژانەی هاووڵاتییان. لەگەل ئەو شەپۆلی گەرمایەی هاوینی ئەمساڵ ڕووی لە ناوچەکە کردووە، ئێران تووشی کورتهێنانی کارەبا بووە و هاووڵاتییان لە سەرتاسەری ئەم وڵاتە ڕۆژانە چەندان کاتژمێر بێ کارەبا دەبن. گوندنشینانیش لەم بێ کارەباییە بێبەش نەبوون.

فەرزاد حسێن پوور، دانیشتووی گوندی قومقەڵای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت "ڕۆژانە چەندان کاتژمێر کارەبامان دەبڕدرێت و هێڵی ئینتەرنێتمان نامێنێت. هیچ خشتەیەک بۆ دابەشکردنی کارەباکە نییە و ئێمە پێشوەختە ئاگادار ناکرێینەوە."

پچڕانی کارەبا بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە لایەن فەرمانگەی دابەشکردنی کارەباوەیە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئامێرە کارەباییەکانی ناو ماڵی هاووڵاتییان بسووتێ و زیانێکی زۆریان پێیان بگات. جیا لەمەش زۆر کاروباری پەیوەندیدار بە کارەباوە پەیان دەکەوێت.

عەبدوڵڵا حاجی، دانیشتووی گوندی قومقەڵا ئاماژە بەوە دەدات "حکوومەت هیچ بەرنامەیەکی بۆ دابەشکردنی کارەبا نییە، خاوەن کار هەیە ڕۆژانە بە بەردەوامیی پێویستی بە کارەبا هەیە، کەچی لە ناکاو بەبێ ئەوەی ئاگادار بکرێتەوە، کارەباکەی دەپچڕێت. بەم هۆیەوە چەندان ئامێری وەک تەلەڤزیۆن، فێنککەرەوە و سەلاجە دەسووتێن."

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، حکوومەتی ئێران بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا، هەفتەی یەک یا دوو ڕۆژ لە زۆربەی پارێزگاکانی ئەم وڵاتە پشووی ڕاگەیاندووە. 

ڕاگەیاندنی پشوو کە یەکەمجار لە 11 پارێزگا دەستی پێ کرد، لە ڕۆژی 06ـی ئابدا کە ناوەڕاستی هاوینە، 28 پارێزگا لە 31 پارێزگاکەی ئێرانی گرتەوە و وەک حکوومەتی ئێران باسی دەکات، کاریگەرییەکی ئەوتۆشی لەسەر بەکارهێنانی کارەبا نەبووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment