چین..پردێکی هەڵواسراو ڕووخا و پێنج کەس مردن

 کێبڵی پردێکی هەڵواسراو لە هەرێمی شینجیانگی باکووری ڕۆژئاوای چین، پچڕا و لە ئەنجامدا  پێنج کەس لەسەر پردەکە کەوتوونەتە خوارەوە و مردوون.

پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، ئاژانسی فەرمی چین 'شینهوا' ڕایگەیاند، لە ئەنجامی پچڕانی کێبڵی پردێکی هەڵواسراو، لە هەرێمی شینجیانگ، پێنج کەس مردوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی شینهوا، ڕووداوەکە کاتژمێر 6:18ی ئێوارەی دوێنێ، چوارشەممە لە ناوچەیەکی گەشتیاری لە پارێزگای ئیلی قەزاقی خۆبەڕێوەبەر ڕووی داوە و بووەتە هۆی مردنی پێنج کەس و برینداربوونی 24 کەسی دیکە.

شینهوا، ئاماژەی بەوەش داوە، ناوچە گەشتیارییەکە داخراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، پردێکی هەڵواسراوی نزم پیشان دەدەن کە بەلایەکدا لار بووەتەوە و کێبڵەکەی پچڕاوە و بەسەر زەوییەکەدا شۆڕ بووەتەوە.

وێنەکان هەروا، دیمەنی چەند کەسێک نیشان دەدەن کە لەژێر پردەکەدا کەوتوون و  لەوە دەچێت بریندارانی ڕووداوەکە بن.

 شینجیانگ، یەکێکە لە هەرێمەکانی چین و  ناوچەیەکی سروشتی سەرنجڕاکێشی گەشتیارییە و  پاشماوەی شارێکی کۆنیشی تێدایە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment