گەشتوگوزاری هەولێر: زۆرینەی شوێنە گەشتیارییەکان تابلۆکانیان بە کوردی نووسراون

گەشتوگوزاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لە سنوری بەڕێوەبەراتییەکەیان زیاتر لە هەزار شوێنی گەشتیار بە هۆتێل و میوانخانە هەن.
نەریمان فازڵ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر، ئەمڕۆ هەینی، 8ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان ناونیشانی تابڵۆکانیان بە کوردی کراوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی زمانی دایک.
گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لەکاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شوێنە گەشتیارییەکان مەرجی سەرەکی پێویستە ناونیشانەکان بە کوردی نووسرابێت، هەربۆیە لە ماوەی دووساڵدا 98 ٪ کراون بە کوردی.
نەریمان فازڵ، گوتیشی: لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر هەزار و 611 شوێنی گەشتیاری بە هۆتێل و میوانخانە و چێشتخانە هەن.
21ـی شوباتی 2023، حکوومەتی هەرێم لە بڕیارێکدا ڕایگەیاند: پێویستە سەرجەم شوێنە گشتییەکان، نووسینی سەر تابڵۆکانیان بە کوردی بێت و هەموولایەک پابەندی بڕیارەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش 40ڕۆژ مۆڵەت بە خاوەنەکانیان درا، بۆ ئەوەی پابەندی بڕیارەکە بن.