زاخۆ.. لە ماوەی سێ ساڵدا 200 کانی وشکبوونە

بەشێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێگەیشتوون، بەڵام کەمبوونەوەی ئاو، وشکبوونی بەشی زۆر کانیاو و  بیرەکان، مەترسی لەسەر بەرهەمەکانی جوتیاران دروستکردووە، هەروەها بەشێک لە بەرهەمەکانیش ورچ و بەراز زیانی پێگەیاندوون.

حوسێن سلێمان، جوتیارێکی دەڤەرەکەیە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کەمبوونەوەی ئاو گرفتی زۆری بۆ دروستکردووین، دوو ماتۆڕم داناوە تەنیا بۆ ئەوەی ئاو بگاتە نێو ڕەز و باغەکەم، بەهۆی کەمئاوی ڕەزێکم لە کیس چووە.

جوهر محەممەد، بەڕێوەبەری شارەدێی دەرکارێ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:  63 گوند لە سنوورەکەمان هەن، زۆرینەیان کاریگەری کەمئاویان لەسەرە، کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر جووتیار و ئاژەڵدارەکان.

لەلای خۆیەوە محەممەد یاسین، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاو لە زاخۆ، لەسەر ئەم پرسە بە کوردستان24ـی گوت: ژمارەیەک بیری ئاوی جووتیاران وشکبوونە، بەڵام بیری هاووڵاتییان تەنیا کەمبوونەتەوە وشک نەبوونە، لەگەڵ وشکبوونی ژمارەیەک کانی.

بەهۆی کەمبارانی لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی کێشە کەمئاوی دروستبووە، لەگەڵ وشکبوونی ژمارەیەکی زۆری کانیاو، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ماوەی سێ ساڵدا 200 کانی وشکبوونە.

هەروەها لە زاخۆ، 380 بیری ئیرتوازی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و 250 بیریش بۆ خواردنەوە هەن، هاوکات لە ڕابردوو 350 کانیاوی سرووشتی هەبوون، بەڵام تەنیا 150 کانیاو ماون.

 

 

Fly Erbil Advertisment