زیاتر لە 17 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆل گەڕێندرانەوە

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، گەڕاندنەوەی زیاتر لە 17 هەزار هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە کەمپی هۆلی سووریاوە ڕاگەیاند.

هەینی 8ـی ئابی 2025، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، عێراق یەکەم وڵات بووە دەستپێشخەریی کردەوە لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی لە کەمپی هۆلی سووریاوە، تا ئێستا زیاتر لە  17 هەزار هاووڵاتی گەڕێندراونەتەوە، لەو ژمارەیەش 11 هەزاریان شیاندنەوەیان بۆ دەکرێت.

وەزارەتەکە باسی لەوە کردووە، "لە ئامادەکاری بەردەوامین و کار بۆ گەڕاندنەوەی زیاتر لە شەش هەزاری هاووڵاتیی دیکەی عێراقی، لە کەمپی هۆلی سووریاوە دەکەین."

پێشتریش کەریم نووری، بریکاریی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندبوو، زۆرینەی عێراقییەکانمان لە کەمپی هۆڵەوە گەڕاندووەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەمەش نیشانەیەکی ئەرێنییە و سەرکەوتوو بووین بە شیاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە."

کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباریی تەناهیی کەمپەکەن.

تا وەکوو مانگی نیسانی 2019 ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ناو کەمپەکە 74 هەزار کەس بووە،  کە زۆرینەیان ئافرەت، منداڵن و خەڵکی  چەند وڵاتێکی جیاوازن، بە پلەی خەڵکی سووریا و عێراق.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، لە چەندین بۆنەی جیاوازدا هۆشدارییان داوە لەو مەترسییانەی لە کەمپەکانەوە سەر هەڵدەدەن بەو پێیەی منداڵانی دانیشتووی نێو کەمپەکە لە لایەن دایکییانەوە فێری توندڕەوی دەکرێن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment