عێراق ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی سەخت بووەتەوە

وشکەساڵییەک کە پێشتر هەرگیز وڵاتی عێراق کە بە وڵاتی دوو ڕووبار ناسراوە بە خۆیەوە نەبینیوە، بە شێوەیەک ئەگەر دۆخی کەمئاوی بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ڕەنگە لە داهاتوودا ناوی دوو ڕووبارەکەش نەمێنێت، هاوکات کەمئاوی تەنیا کاریگەری لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان نییە، بەڵکوو گەیشتووەتە ناو ماڵی هاووڵاتییانیش.
لەو بارەوە ئەمیر مەعمووری، پەرلەمانتاری عێراقی بە کوردستان24ی گوت: پشکی ئاوی عێراق کە بۆ ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بەر دەدرێنەوە، کەمترە لە 190 مەتر سێجا، لە کاتێکدا پێشتر 530 تا 600 مەتر بوو، ئاماژەشی دا، ناتوانن ئەو بڕە ئاوای هەیە بەسەر پارێزگاکان دابەش بکەن، هاوکات ئەو بڕە کەمە ئاوە کاریگەری زۆری لەسەر پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کردووە و ترسی گەورەش ئەوەیە، بەهۆی کەمبوونی ئاستی ئاو، بەشێک لە پاڵێوگەکانی ئاوی خواردنەوە لە کار کەوتوون.
هاوکات هاووڵاتییەکی عێراق لەو بارەوە گوتی: پێویستە حکوومەتی عێراق بەهێز بێت، دەبێت سکاڵاکەی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، تاوەکوو لەلایەن تورکیاوە دەستی بە پشکی ئاوی عێراق بگات، چونکە مامەڵەی تورکیا لەگەڵ عێراق، مامەڵەیەکی سەرەوەری نییە.
هاووڵاتییەکی دیکە عێراقی بە کوردستان24ـی گوت: دەمانەوێت بزانین تاکەی ئەم قەیرانەی ئاوە بەردەوام دەبێت، زۆربەی ناوچەکانی بەغدا و بەتایبەت ناوچە میللییەکان و دەوروبەری پایتەخت بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنن، ئێمە لە ساڵی 2025ین و دەبینین خەڵک هێشتا پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت.
هەندێک لە پسپۆران هۆکاری ئەو کەمئاوییە بۆ نەبوونی سیاسەتێکی ڕاستەقینەی ئاو دەگەڕێننەوە، لە وانەش دەکرێت دروستکردنی بەنداو لەشەتولعەرەب، ببێتە هۆی گلدانەوەی ئاو و ڕێگرتن لە پیاڕۆیی و ڕژانە ناو ئاوی کەنداو.