کەمی کارەبا کێشەی بۆ خەڵک و کاسبکارانی ئێران دروست کردووە

ئێران لە دەیان بەنداو و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، بە شێوازی جۆراوجۆر دەتوانێت 90 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم بێنێت. بەڵام بە هۆی وشکەساڵییەوە بەرهەمی کارەبای بەنداوەکان کەم بووەتەوە، لە لایەکی دیکەوە 13%ـی کارەبای بەرهەمهاتووی ئێران لە ناو تۆڕەکانی گواستنەوەدا بە فیڕۆ دەچێت.
بەرهەمی کارەبای ئێران لە بەهاری ئەمساڵدا گەیشتبووە 90 هەزار مێگاوات، بەڵام 13%ـی ئەو کارەبایەی لە ناو تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبادا بە فیڕۆ دەچێت و لە ئەنجامدا ئەو کارەبایەی لەبەردەست دەمێنێتەوە 78 هەزار و 300 مێگاواتە.
ئێران یەک وێستگەی ئەتۆمیشی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە کە توانای بەرهەمهێنانی هەزار و 20 مێگاوات کارەبای هەیە. بەشێک لە کارگەکانی ئەم وڵاتە وێستگەی بچووکی بەهەمهێنانی کارەبایان هەیە کە بە گشتی دوو هەزار و 168 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنن. 51 وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی پاک بە خۆر و باش لەم وڵاتە هەیە کە هەموویان پێکەوە 939 مێگاوات کارەبایان لێ بەرهەم دێت و موەلیدەکانی کارەباش بە گشتی 407 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنن.
بەکارهێنانی کارەبا لە لایەن هاووڵاتییانی ئێرانەوە ئەمساڵ چەندین جار ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد و دواجار لەم هەفتەیەدا گەیشتە 77 هەزار مێگاوات.
جیا لەمەش بەرهەمی کارەبای بەنداوەکان بە هۆی وشکەساڵییەوە هەشت هەزار مێگاوات کەم بووەتەوە و بەم شێوەیەش کارەبای بەردەست گەیشتووەتە 70 هەزار و 300 مێگاوات. بەم شێوەیەش ئەگەر کۆی کارەبای ئێران بۆ کەرتی نشتەجێبوون دابنرێ هێشتا شەش هەزار و 700 مێگاوات کورتهێنانی دەبێت و هیچ کارەبایەکیش بۆ کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و بازرگانی و خزمەتگوزاری نامێنێتەوە.