وەزارەتی کشتوکاڵ: بەهۆی وشکەساڵییەوە ڕێژەی ئاژەڵ کەمی کردووە

ئەمڕۆ یەکشەمە، 10ـی ئابی 2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە مەزندەی خۆمان ئێمە چوار ملیۆن و 500 هەزار ئاژەڵی بچووکمان هەیە، واتا مەڕ و بزن و نزیکەی 250 هەزار ئاژەڵی گەورەشمان هەیە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دەڵێت: وشکەساڵی کاریگەری هەیە لەسەر ئاژەڵ هەیە، بە خەمڵاندن لە هەرێمی کوردستان سەدا 20 بۆ 25 ڕێژەی ئاژەڵ کەمبووبێتەوە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ڕاشیگەیاند، لە ڕابردوودا جگە لە وشکەساڵیی، هەرزانبوونی نرخی گۆشت و دامەزراند هەبوو، کاریگەری هەبوو کە خەڵکی واز لە پیشەی ئاژەڵداری بێنێت، بەڵام لەگەڵ نەبوونی دامەزراندن و بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە ئاستی جیهان، وای کرد خەڵکێکی زۆر ڕوو لە پیشەی ئاژەڵداری بکاتەوە.
دەشڵێت: بەهۆی زۆری ژمارەی پڕۆژەکان لە هەرێمی کوردستان، کە ئێمە باس لە ئاژەڵداریی شێوە تەقلیدییەکە لە دێهات و گوندەکان دەکەین، وایکرد ژمارەی پڕۆژەکانی قەڵەوکردنی گۆلک و بەخێوکردن لەناو هەرێمی کوردستان زیاد بکات. بە ڕێژەیەک ئێمە ساڵی 2019 ئێمە تەنیا 65 پڕۆژەی قەڵەوکردنی گۆلکمان هەبوو بە وزەی 20 هەزار سەر، بەڵام ئێستا ژمارەی پڕۆژەکانی قەڵەوکردنی گۆلک 105 پڕۆژەیە و وزەی ئەم پڕۆژانەش 98 هەزار سەرە. واتا ئەگەر سەیری وزەی بەرهەمهێنان بکەین لە 20 هەزارەوە بۆ 98 هەزار سەرە، ئەتوانین بڵێین؛ سەدا 350 وزەی بەرهەمهێنان زیادی کردووە.
فیراز سدیق دەشڵێت: پڕۆژەی گەورە لە هەرێمی کوردستان دروست کراوە، یەکێک لەوانە پڕۆژەی زووم لە ناوچەی بارزان کە شیر لە ئاژەڵداران وەردەگرێت، ئەمە وای کردووە ژمارەی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەو ناوچەیە، لەو سنوورە زیاد بکات. لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەکانی مانگای شیردەر، پڕۆژەی ڕێڤین فارم دیسانەوە لەو ناوچەی بارزان، پڕۆژەی مرواری لە کەلار و پڕۆژەی کاڤین لە دهۆک، ئەمانە هەمووی پڕۆژەن و ئەنجامەکەی لە ماوەی ئەم چەند ساڵە زیادیان کرد. ڕاستە وشکەساڵی کاریگەریی هەبووە، بەڵام ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و زیادکردنی پڕۆژەی کشتوکاڵی و گرنگیدان بە سامانی ئاژەڵ، وای کردووە تا ئاستێکی باش ژمارەی پڕۆژەکان زیاد بکات و خەڵکێکی زۆریش ڕوو لە ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان، بکات.