تاوەکوو مانگی 10 تاران تەواو بێئاو دەبێت

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ناوچەی پێنجی تاران ئاشکرای کردووە، کە بڕانی ئاوی لە زۆربەی ناوچەکانی تاران گەیشتووە 48 کاتژمێر و ئەگەری زۆر هەیە، تاوەکوو مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، تاران تەواو بێئاو بێت.
یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، محەممەد تەقی حوسێن زادە، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ناوچەی پێنجی تاران، بە ئاژانسی ئیسنای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە و هۆشداری دەداتە دانیشتووانی تاران، هاوکات دەڵێت: "دەبێت بۆ دانیشتووانی تاران ڕوون بکەینەوە، کە دۆخەکە ئاسایی نییە، بەڵام بەم نزیکانە تاران بە تەواوەتی بێئاو دەبێت، هیچ چارەیەک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی بێئاوی نییە، جگە لەوەی خەڵکی دەبێت زۆر بە وریاییەوە ئاو بەکاربێنن و خۆیان لە بە فیڕۆدانی بە دوور بگرن".
هەروەها ڕایگەیاندووە، هەرچەندە حکوومەتی ئێران هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی لە بەنداوی تالیقان، کە دەکەوێتە باکوور ڕۆژئاوای تاران بۆری ئاو ڕابکێشێت و پێشبینی دەکرێت تاڕادەیەک بەم هەنگاوە دەتوانرێت کاریگەرییەکانی گرفتی کەمئاوی چارە بکرێت. بەڵام بەهۆی کەمی ئاوی گلدراوە لە بەنداوەکە، ئەگەر هەیە کەرتی کشتووکاڵی بکەوێتە بەردەم گرفتی بێئاوی.
محەممەد تەقی حوسێن زادە ئاماژەی داوە، ئێستا لە تاران هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیارکردنەوەی خەڵکیان دەست پێکردووە بۆ ئەوەی لە بەکارهێنانی ئاو و بە فیڕۆدانی ئاگادار بن، ڕەنگە ئەمەش کاریگەری تەنیا لەسەر %20 کەمتر بە فیڕۆدانی ئاو هەبێت.
هەروەها ڕایگەیاندووە، ئێستا هیچ بڕە ئاوێک بە شارەوانییەکان نادەن بۆ ئاودانی پارک و سەوزاییەکان، چونکە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی تاران خۆی پارک، باخچە و سەوزاییەکان ئاو دەدات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریی لە قەیران و دۆخی بێئاوی تاران داوە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر دانیشتووانی تاران هاوکاری حکوومەت نەبن لە کەمتر بەکارهێنانی ئاو، ئەوا بەنداوەکان وشک دەبن و تاران بە تەواوی بێئاو دەبێت.