کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی سەڵاحەددین خاوەنی 171 هەزار و 681 کتێبە

بڕیار وایە لە ئاییندەیەکی نزیکدا باڵاخانەی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی سەڵاحەددین نۆژەن بکرێتەوە و هاوکات کتێبخانەکە خاوەنی ژمارەیەکی بەرچاوی کتیب، دەستنووس، ڕۆژنامە و گۆڤارە.
سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی سەڵاحەددین، خاوەنی یەکێک لە گەورەترین کتێبخانەکانی هەرێمی کوردستانە، هەزاران کتێب و سەرچاوەی بیانیی تێدایە، لەگەڵ هەبوونی ژمارەیەکی زۆری دەستنووس.
سامان عەبدوڵڵا گوتیشی: ساڵێکە کار لەسەر بە دیجیتاڵکردنی دەکرێت و کتێبێکی زۆر بە دیجیتاڵکراوە، ئەویش لە ڕێگەی سیستەمێک کە زانکۆ دروستی کردووە.
دەربارەی باڵەخانەی کتێبخانەکە ، ئاماژەی بەوە کرد، باڵەخانەی کتێبخانەکە کۆنە، بەڵام بڕیار وایە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بە هاوکاری کوردستان فاوندەیشن نۆژەن بکرێتەوە.
سامان عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد، لە وەرزی خوێندندا ژمارەیەکی بەرچاوی قوتابی، مامۆستا و توێژەر سەردانی دەکەن، هەرچەندە لە وەرزی پشووی خوێندنیش ڕێژەیی سەردانیکەران زۆرە، بەڵام بەراورد بە کاتی خوێندن کەمترە.
کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی سەڵاحەددین، لە ساڵی 1968 لەگەڵ دامەزراندنی زانکۆی سەڵاحەددین لە شاری سلێمانی دامەزرا، لە ساڵی 1981 گواسترایەوە شارى هەولێر.
ژمارەی کتێب و سەرچاوە و گۆڤار و ڕۆژنامەکان لە کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی سەڵاحەددین بەمشێوەیە:
16 هەزار و 90 کتێبی کوردی.
68 هەزار و 475 کتێبی عەرەبی.
84 هەزار و 990 کتێبی ئینگلیزی.
هەزار و 626 کتێبی فارسی.
500کتێبی ڕووسی.
هەشت هەزار و 200 سەرچاوە.
حەوت هەزار چاپەمەنییە میرییەکان.
14 هەزار و 600 گۆڤاری عەرەبی و کوردی.
پێنج هەزار ڕۆژنامە.
33 هەزار گۆڤارە بیانییەکان.
24 هەزار نامە ماستەر و دکتۆرا.
نۆ هەزار و 883 نامە، ماستەر و دکتۆرا بە soft copy.
هەزار و 765کتێبی pdf بە soft copy.
341کتێبە دانراوەکانی مامۆستایانی زانکۆ.
زیاتر لە دوو هەزار کتێب و نامە لە بەشی وەرگرتن و پۆڵێنکردنن کە هێشتا پۆڵێن نەکراون.
زیاتر لە دوو هەزار کتێبی چاپکراوی زانکۆی سەڵاحەدین تەنیا لە پێشانگاکان نمایش دەکرێن.