ناونووسینی ئەلیکترۆنی بۆ فەریزەی حەج تا 40 ڕۆژ بەردەوام دەبێت

حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان: هەزار و 500 کەس ناویان بۆ پرۆسەی حەج تۆمارکردووە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کورستانەوە پرۆسەی حەج بەجێ دەگەینن پێویستە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 70 ساڵی بێت.

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سیستەمی نوێی دیجیتاڵی بۆ خۆتۆمارکردن لە پرۆسەی حەج کاراکراوە و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە هەزار و 500 کەس ناویان تۆمارکردووە.

کاروان ستوونی گوتیشی: سیستەمەکە تاوەکوو 40 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و دواتر لەڕێگەی هەمان سیستەم تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە دەکەین کە خۆیان تۆمارکردووە.

گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەوکەسانەی ناویان تۆمار دەکەن، پێویستە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 70 ساڵی بێت و هەروەها نابێت پێشووتر حەجی کردبێت، هەرکەسێک پێشووتر پرۆسەکەی بەجێ گەیاندبێت لەڕێگەی سیستەمەکەوە ئاشکرا دەبێت.

کاروان ستوونی باسی لەوەش کرد، دەنگۆیەک هەیە ئەمساڵ ژمارەی حاجیانی عێراق زیادبکرێت، لە ئەگەری زیادبوونی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

ئەم ساڵ، پێنج هەزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودییەیان کرد بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.

 
Fly Erbil Advertisment