عێراق.. لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ نزیكەی شەش ھەزار حاڵەتی ئاگركەوتنەوە تۆمار کراون

دیمەنێکی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی بەغدا (ئەرشیف)
دیمەنێکی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی بەغدا (ئەرشیف)

ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە عێراق، مەترسی ڕاستەقینەی لەسەر كۆمەڵگە و ژینگەی وڵاتەكە دروست کردووە؛ بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نزیكەی شەش ھەزار حاڵەتی ئاگركەوتنەوە تۆمار کراون.

ڕۆژی شەممە، 09ـی ئابی 2025، ئاگر له پاسێکی گواستنەوەی زیارەتكارانی ئێرانی كەوتەوە كە لە ڕێگەدابوو بەرەو كەربەلا؛ هێزە ئەمنییەکان و تیمەكانی فریاگوزاری توانییان ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە. ھەمان ڕۆژ، لە بابل ئاگرێكی گەورە لە دارستان و باغەكانی سەر ڕێگەی سەرەكیی شارەكە كەوتەوە و پاوانێكی زۆری سووتاند.

جیا لەمە، لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا چەندان حاڵەتی دیكەی ئاگركەوتنەوە لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق ڕوویان داوە، لە ئاگركەوتنەوەی ھۆتێلێكی شاری كەربەلاوە بگرە تاوەكوو دوو حاڵەتی دیكەی ئاگركەوتنەوە لە كارگەیەكی ئاسن و باڵەخانەی دادگە لە پارێزگای سەڵاحەددین. ڕووداوەكان زیانی گیانیان نەبوو، بەڵام زیانێكی زۆری ماددیان لێ كەوتەوە. 

کارەساتی لە هەمووان گەورەتر لە واست ڕوویداوە؛ ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵیکی پێنج نهۆمی لە شاری کوتی سەر بە پارێزگای واست، 61 کەس گیانیان لە دەست دا، کە زۆرینەیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە خنکابوون. 

بەردەوامیی ڕووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە عێراق لە كاتێكدایە، بە گوتەی باقر ساعدی، ئەندامی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، له ‌دوای ئاگره‌كه‌ی شاری كوته‌وه،‌ زیاتر له‌ هه‌زار شوێن كه‌ مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تییان تێدا نه‌بووه،‌ له‌ عێراق داخراون. 

ساعدی ڕاشیگەیاند "حكوومه‌ت زنجیره‌یه‌ك ڕێكاری به‌په‌له‌ی له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێوشوێنه‌كانی سه‌لامه‌تی و دابینكردنی كه‌لوپه‌لی ئاگركوژێنه‌وه‌ بۆ شوێن و باڵه‌خانه‌ بازرگانییه‌كان، گرتووەتەبەر."

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی عێراق، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 5 ھەزار و 544 حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە سەرانسەری عێراق ڕوویانداوە. بەگوێرەی داتا و زانیارییەكانی ژووری بازرگانیی پارێزگای دیالەش، قەبارەی زیانەکانی ساڵانەی ڕووداوەكانی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق، بە نزیكەی 30 ملیار دینار مەزەندە دەكرێت.

 
Fly Erbil Advertisment