تەقتەق.. جووتیاران درەنگانی شەو هەنجیر دەڕننەوە

لە کاتێکدا کاتژمێر 12:00ـی شەو، زۆربەی هاووڵاتییان لە شیرینیی خەودان، جووتیارانی باخ هەنجیرەکانی تەقتەق و کرێکارەکانیان، سەرقاڵی ڕنینەوەی هەنجیرن.

 ئەوان بە گڵۆپی سەر و دەستکێشەوە، تا بەرەبەیان سەرقاڵی ڕنینەوە هەنجیرن، تاوەکوو بەرهەمەکەیان لە گەرما و تیشکی خۆر بپارێزن و بە فرێشی بیگەیەننە بازاڕ.

وەهاب محەمەد، یەکێک لە باخەوانەکان، دەڵێت: "ئێمە کاتژمێر چوار یان چوار و نیوی بەیانی دێینە ئێرە. ئەگەر کارەکەمان دوابکەوێت و بەر خۆر بکەوێت، هەنجیرەکە خراپ دەبێت و پارە ناکات، بۆیە ناچارین لەم کاتەدا کار بکەین."

ئەوان دەبێت پێش کاتژمێر پێنجی بەیانی بەرهەمی ئەو ڕۆژەیان بچننەوە و بیگەیەننە عەلوەی تەقتەق، چونکە لەوێ کڕیارەکان چاوەڕێیان دەکەن تا هەنجیرەکە بۆ شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق بگوازنەوە.

ڕنینەوەی هەنجیر لە تاریکیدا کارێکی ئاسان نییە. کرێکاران جگە لە ماندووبوون و شەونخوونی، ڕووبەڕووی مەترسیی مار و بوونەوەری زیانبەخشیش دەبنەوە.

نەورۆز محەمەد، یەکێک لە کرێکارە ئافرەتەکان، باس لەوە دەکات کە لە دوانیوەڕۆوە کاری کردووە و هێشتا نەخەوتووە. ئەو دەڵێت: "خەومان نییە و ماندووین، بەڵام لە هەمووی زیاتر لە مار دەترسین."

ئافرەتێکی کرێکاری تر بە ناوی چیمەن محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە کارەکە قورسە، بەڵام بۆ بژێویی ژیانیان ناچارن بیکەن. ئەو دەڵێت: "کارکردن لە شەودا ناخۆشە، بەڵام ئەگەر بە ڕۆژ بیکەین هیچ سوودێکی نییە."

ساڵانە لە ناحیەی تەقتەق هەزاران تۆن هەنجیر بەرهەم دەهێنرێت. بەرهەمی هەنجیر لە مانگی پێنجەوە بە جۆری "باقۆ" دەست پێدەکات و دواتر لە مانگی تەممووزدا جۆرەکانی تریش پێدەگەن.

بەرهەمی هەنجیری تەقتەق نەک تەنها لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش خواستی زۆری لەسەرە. هاوکات، وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، هاوردەکردنی هەنجیری قەدەغە کردووە.

 
Fly Erbil Advertisment