کۆمەڵەی خۆشنووسانی هەولێر: 120 ئەنداممان له ههردوو ڕهگهز ههیه

لە ڕۆژی جیهانیی خۆشنووسیدا، سەرۆکی لقی کۆمەڵەی خۆشنووسانی هەولێر دهڵێت: تەکنەلۆژیا کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی خۆشنووسیدا هەبووە، بەڵام جێگەی ناگرێتەوە.
گەیلان پیرباڵ، سەرۆکی لقی کۆمەڵەی خۆشنووسانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کۆمەڵەی خۆشنووسان تەنیا لە پارێزگای هەولێر هەیە و زیاتر لە 120 ئەندامانمان هەیە، کە ناسنامەی تایبەتیان هەیە، بەڵام ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە نزیکەی 500 خۆشنووس لە هەولێر هەن.
گەیلان پیرباڵ گوتیشی: ئەندامەکانی کۆمەڵەی خۆشنووسان لە هەردوو ڕەگەز پێکهاتوون، بەڵام ژمارەی رەگەزی مێ کەمترە، بەراورد بە رەگەزی نێر، هەروەها دوو ساڵ جارێک ناسنامەکانیان نوێ دەکرێتەوە.
سەرۆکی لقی کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوە کرد، چەندین جۆری خۆشنووسی هەن، بەڵام ئەو جۆرانەی زیاتر لە هەرێمی کوردستان ناسراون ئەمانەن: کوفی، نهستهعلیق، ڕوقعە، نهسخ، دیوانی، ثولث، لەگەڵ چەندین جۆری دیکە.
هەروەها باسی لەوەش کرد، ئەو کەسانەی کاری خۆشنووسی دەکەن، ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، بۆیە ناچارن کاری دیکە بکەن، بەڵام خولیای تایبەتیان بۆ کارەکەیان هەیە، هەرچەندە تەکنەلۆژیا بواری وەک پێشووتر بۆ خۆشنووسی نەهێشتووەتەوە، بەڵام ناتوانرێت جێگەی کارەکە بگرێتەوە.
دەشڵێت: بەهۆی خراپی باری دارایی کۆمەڵەکەیان چەند ساڵێکە ناتوانن، خولی تایبەت بۆ ئەو کەسانە بکەنەوە کە خولیای ئەو هونهرهیان هەیە.
کۆمەڵەی خۆشنووسانی لقی هەولێر، لە 26ـی تشرینی دووەمی 1994 لە هەولێر دامەزراوە، هاوکات 11ـی ئابی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی خۆشنووسی دیاری کراوە.