ئەمەریکا..لە دوو ڕووداوی جیادا پێنج کەس کوژران

تەقینەوەکەی پێنسلڤانیا
تەقینەوەکەی پێنسلڤانیا

تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پۆڵا لە شاری پیتسبێرگ سەر بە ویلایەتی پێنسلڤانیا ڕووی دا، لە ئەنجامدا دوو کەس کوژران و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.

سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، پێگەی هەواڵی سی بی ئێس ڕایگەیاند "دوێنێ ئێوارە تەقینەوەیەکی گەورە لە کارگەی یو ئێس ستیل کلێیرتۆن. لە شاری پیتسبێرگ ڕووی دا و جگە لە وێرانکردنی بەشێکی کارگەکە، دوو کەس کوژران و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون."

پۆلیس، ئاگەداری دانیشتووانی دەوروبەری کارگەکەی کردەوە دەرگە و پەنجەرەی ماڵەکانیان دابخەن چونکە لەوانەی گازی زیانبەخش لە هەوادا بڵاو بووبێتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت هەوای  ناوچەکە پاکە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی پۆلیس، برینی پێنج لە بریندارەکان سەختە، بەڵام مەترسی لەسەر ژیانیان نییە. 

کارگەکە، گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی پۆڵایە لە ئەمریکای باکوور و نزیکەی هەزار و 300 کەس کاری تێدا دەکەن و دەکەوێتە 24 کیلۆمەتری باشووری پیتسبێرگ.

یەکێک لەو پیاوانەی کە کوژراوە تیمۆسی کوینی تەمەن 39 ساڵە، باوکی سێ منداڵە و خەڵکی ناوچەی وێستمۆرلەندی بووە؛ هێشتا ناوی کوژراوی دووەم نەزانراوە. 

جۆش شاپیرۆ، پارێزگاری پێنسلڤانیا ڕایگەیاند، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن و پۆلیس بە خێرایی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.

لە تێکساس سێ کەس کوژران

هەر دوێنێ ئێوارە، لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە پارکینگێکی فرۆشگای تارگێت لە شاری ئۆستنی ویلایەتی تێکساس، سێ کەس کوژران.

خزمەتگوزارییەکانی فریاکەوتنی پزیشکی لە ناوچەی ئۆستن-تراڤیس ڕایانگەیاند "دوو کەس لە شوێنی ڕووداوەکە یەکسەر گیانیان سپاردووە کە یەکێکیان منداڵە و کەسێکی دیکەش لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ نەخۆشخانە مردووە." 

لیزا دەیڤس، سەرۆکی پۆلیسی ئۆستن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "گومانلێکراوەکە لە شوێنی تەقەکردنەکە هەڵاتووە، بەڵام دواتر پۆلیس دەستگیری کردووە."

دەیڤس گوتی: ئەمە ڕۆژێکی زۆر خەمناکە بۆ ئۆستن. ڕۆژێکی خەمناکە بۆ هەموومان و سەرەخۆشی لە خێزان و کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم. 

 

شوێنی ڕووداوەکەی تێکساس

 

 
Fly Erbil Advertisment