وشکەساڵی 52%ـی خاکی ئەورووپای گرتووەتەوە

بەگوێرەی داتاکانی ڕوانگەی ئەورووپی بۆ وشکەساڵی، لەمانگی تەممووزدا بۆ چوارەم مانگ لەسەریەک، وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر 52%ـی خاکی ئەورووپا و کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست هەبووە.
سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، ڕوانگەی ئەورووپی بۆ وشکەساڵی بڵاوی کردەوە، بۆ چوارەم مانگ لەسەریەک، وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر 52%ـی خاکی ئەورووپا و کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست هەبووە، ئاماژەی بەوەش داوە، لەوەتەی ساڵی 2012ەوە، کە تۆمارکردنی داتاکان دەستی پێ کردووە، ئەمە بەرزترین ڕێژەی تۆمارکراوە بۆ مانگی تەممووز. ڕوونیشی کردەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە وشکەساڵی هەموو مانگێک ئاستی پێوانەیی تۆمارکردووە.
پێوەرەکانی وشکەساڵی لە 'ڕوانگەی کۆپەرنیکۆس' کە لەسەر بنەمای چاودێری مانگی دەستکرد بڵاوی دەکاتەوە، بارانبارین، شێی خاک و دۆخی ڕووەک، پۆلێن دەکات بۆ سێ ئاستی وشکەساڵی: چاودێریکردن، هۆشداریی و ئاگادارکردنەوە.
ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی وشکەساڵییەوە بریتین لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و بەڵقان، کە ئەو ناوچانەی گەیشتوونەتە ئاستی ئاگادارکردنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
ئەم ڕێژەیە لە وڵاتی بولگاریا، لە مانگی حوزەیران 9% بووە بەڵام لەمانگی تەممووز گەیشتووەتە 56%، هەروەها لە کۆسۆڤۆ لە 6% بەرزبووەتەوە بۆ 43%، لە بۆسنە و وهێرسک لە 1% بۆ 23% بەرزبووەتەوە، ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە ڕووی لەناوچەی بەڵقان کردووە، ژمارەی پێوانەیی لە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان تۆمارکردووە.
لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە مانگی ئادارەوە تاوەکوو تەممووز، زیاتر لە 60%ی خاکی تورکیا ڕووبەڕووی وشکەساڵی بووەتەوە، ئەمەش هۆکار بووە لە ئاگرکەوتنەوەکان.
هەروەها لەمانگی تەممووزدا، وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر 68%ـی خاکی فەرەنسا هەبووە، کە بەراورد بە مانگی حوزەیران 44% زیادیکردووە، کە بەهۆیەوە 13 هەزار هێکتار زەوی لە بەشی باشووری ئاودێ سووتا، ئێستا دووەم شەپۆلی گەرمای تاقەتپروکێن فەرەنسای گرتووتەوە.
لە بەریتانیا دۆخەکە بە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو بەرەو باشتر دەچێت، بەڵام زیاتر دوو لەسەر سێی وڵاتەکە هێشتا بەدەست کەمئاویەوەوە گرفتارە. هەروەها ئیسپانیا و پورتوگال تاڕادەیەک دۆخیان باشترە و ڕێژەی وشکەساڵی بە ڕێژەی 7% و 5%.