زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی ناسنامەی دیجیتاڵییان وەرگرتووە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، بەردەوامە لە پرۆسەی دەرکردنی ناسنامەی دیجیتاڵی بۆ هاووڵاتییان. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژیی حکوومەت بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی خێرا و ئاسانتر.

پرۆسەکە لە ماوەیەکی کەمدا، نزیکەی پێنج خولەک دەخایەنێت، کە تێیدا زانیارییە بایۆمەترییەکانی هاووڵاتی وەک وێنەی کەسی، پەنجەمۆر و سکانی چاو وەردەگیرێت. دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، هاووڵاتی دەبێتە خاوەنی ژمارەیەکی تایبەتی 13 ژمارەیی (UPN) کە وەک ناسنامەی دیجیتاڵی لە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی حکوومەتدا بەکاردێت.

ئەم ناسنامە دیجیتاڵییە دەروازەیەکە بۆ دەستڕاگەیشتن بە کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی حکوومی بە شێوەی ئۆنلاین. بۆ نموونە، هاووڵاتییان دەتوانن سوودمەند بن لە پڕکردنەوەی فۆرمی حەج، نوێکردنەوەی پاسپۆرت و لە داهاتووشدا بۆ زۆربەی مامەڵە حکوومییەکانی دیکە بەکاریدەهێنن.

ئازاد مەولوود، یەکێک لەو هاووڵاتییانەی کە سەردانی بنکەی کردووە بۆ وەرگرتنی ناسنامەی دیجیتاڵی، ڕایگەیاند: "ئەم سیستمە کارئاسانییەکی زۆر باشە و سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەم هەنگاوە. پێشتر بۆ هەر مامەڵەیەک پێویست بوو چەندین بەڵگەنامەمان پێبێت، بەڵام ئێستا بەم ناسنامە دیجیتاڵییە زۆربەی کارەکانمان بە ئاسانی ڕادەپەڕێنین."

بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان ناسنامەی دیجیتاڵییان وەرگرتووە. شەهلا عەبدوڵڵا، سەرۆکی تیمی کۆنترۆڵی جۆری و گەیاندنی خزمەتە دیجیتاڵییەکان، ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجیان گەیاندنی ئەم خزمەتگوزارییەیە بە دوو ملیۆن هاووڵاتی، کە زۆربەی مووچەخۆرانی حکوومەت و ئەو کەسانەی خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری و کۆمپانیان لەخۆدەگرێت. هەروەها گوتیشی: "هەنگاو بە هەنگاو خزمەتگوزارییەکانمان زیاتر دەکەین و هەموو هاووڵاتییەک پێویستی بەم ناسنامەیە دەبێت بۆ ئەوەی کارەکانی بە ئاسانی ئەنجام بدات و لە قەرەباڵغی بنکەکان دوور بکەوێتەوە."

دروستکردنی ناسنامەی دیجیتاڵی یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو حکوومەتێکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو. لە ئێستادا 26 بنکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ تۆمارکردنی هاووڵاتییان کراونەتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنی ناسنامەی دیجیتاڵی خۆیان.

 
 
Fly Erbil Advertisment