بە بەشداریی هەشت هونەرمەند، پێشانگەیەکی کاریکاتێر لە سنە کرایەوە

لە گەلەریی ھونەریی شاری سنە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، یەکەمین پێشانگەی کاریکاتێری پارێزگای سنە کرایەوە. لەم پێشانگەیەدا بەرھەمی ھەشت ھونەرمەندی کاریکاتێریستی شارەکە نمایش کراوە، کە تێیدا کێشە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان خراونەتەڕوو.

کارەکانی نێو پێشانگەکە بە دەست کێشراون و زۆربەیان پۆرترێت و وێنەسازین. ھەر یەک لە کاریکاتێریستەکان ژمارەیەک بەرھەمی خۆیان نمایش کردووە، بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی ھونەری و کێشە و ئاڵنگارییەکانی کۆمەڵگە.

جەواد شامرادی، بەرپرسی ماڵی کاریکاتێری پارێزگای سنە، ڕایگەیاند: "زۆربەی کارەکان بە تەکنیکی دەستی و بە و ڕەنگ ئەنجام دراون. بابەتی کارەکان زۆربەیان کێشە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکانن." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەھۆی نەبوونی پشتیوانیی پێویست، پێشوازیی خەڵک لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبووە.

بەھارەک زاعی، یەکێک لە ھونەرمەندە بەشداربووەکان، گوتی: "چەند کارێکم لەم پێشانگەیەدا نمایش کردووە. ھیوادارم خەڵک سەردانمان بکەن و کارەکان ببینن کە ھەریەکەیان پەیامێکی تایبەتی ھەڵگرتووە."

ھەروەھا، سارۆ ڕەسووڵی، کاریکاتێریستێکی دیکەی بەشداربوو، ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی پێنج ساڵە خەریکی کاری کاریکاتێر و وێنەسازییە و بە چوار کار بەشداریی لەم پێشانگەیەدا کردووە.

سپنتا سەحرایی، ھونەرمەندێکی دیکە، ئەوەی خستەڕوو: "من بە حەفت بەرھەم بەشداریم کردووە، کە سێیان کاریکاتێری پۆرترێتی کەسایەتییە ناسراوەکانە و چواری دیکەیان وێنەسازین."

ھونەری کاریکاتێر بەھۆی توانای لە دەربڕینی ڕەخنە و گەیاندنی چەمکە ئاڵۆزەکان بە زمانێکی سادە و تێگەیشتوو، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ناساندن و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ژینگەییەکان ھەیە.

 
Fly Erbil Advertisment