لە قەڵایەکی دێرینەوە بۆ پایتەختێکی سەوز: ماستەرپلانە ناوازەکەی هەولێر تا ساڵی 2050
شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان و یەکێک لە کۆنترین شارهکانی جیهان کە بە بەردەوامی ژیانی تێدا بووە، ئێستا لە قۆناغێکی نوێی گەشەسەندندایە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کار لەسەر هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر دەکات کە دیدگایەکی ڕوونی هەیە تا ساڵی 2050. ئەم پلانە ستراتیژییە ئامانجی گۆڕینی هەولێرە بۆ مۆدێلێکی گەشەپێدانی شارستانی کە ڕەچاوی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاربۆن دەکات.
پێش جێبەجێکردنی ماستەرپلانە نوێیەکان، هەولێر سیمایەکی جیاوازی هەبوو. نازم دڵبەند، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بە ئەزموون، باس لە هەولێرێکی "بێ شەقام، بێ ئاو و کەم سەوزایی" دەکات. ئەو ئاماژە بەوە دەکات، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، دروستکردنی شەقامی شەست مەتری یەکەمین هەنگاوی گەورەی فراوانبوونی شار بووە. سەبارەت بە سەوزاییش، تەنها چەند ناوچەیەکی دیاریکراو وەک دارستانەکانی دەوروبەری هەولێر هەبوون.
بەپێی ماستەرپلانە نوێیەکە، گەشەی هەولێر لە شێوە بازنەییەکەی ناسراو بە "تۆڕی جاڵجاڵۆکە" کە قەڵای هەولێر سەنتەرەکەیەتی، لادەدات و زیاتر بەرەو ئاراستە هێڵییەکان دەڕوات.
- ئاراستەی موسڵ و مەخموور: ئەم ناوچەیە بەرەو پێشەسازی گەشەی کردووە.
- ئاراستەی دهۆک: بەهۆی بوونی ئاوی زێی گەورە، ئەم ناوچەیە بۆ نیشتەجێبوون گونجاوە.
- ئاراستەی کەرکووک: ئەم ناوچەیەش پشکی شێری لە بواری سەوزاییدا بەردەکەوێت و دەبێتە ناوچەیەکی سەوزایی چڕ.
ئەم گۆڕانکارییە لە شێوازی فراوانبووندا یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابەشکردنێکی هاوسەنگی خزمەتگوزاری و چالاکییە ئابوورییەکان.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت: ئەگەر ماستەرپلانی شار وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بە دڵنیاییەوە تاوەکوو 2050، گۆڕانکارییەکی زۆر بەچاو لە ڕووی سەوزاییەوە و لە ڕووی دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ هاووڵاتییان، هەروەها بۆ ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی شاری هەولێر دەکەن، دەبینرێت."
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژە بەوەش دەدات "دەتوانین گرنگی بە کۆمەڵێک بابەت بدەین، لەوانە لە ڕووی گەشتوگوزارەوە و بتوانین سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشین. جگە لەمە پاراستنی ئەو شوێنانەی کە توانای هەڵمژینی ئاویان دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، هەروەها لە ڕووی بەستنەوەی هێڵی گەشتیاری بە سەنتەری شار و لە ئایندەدا بتوانین کە هێڵی شەمەندەفەر بە شاری هەولێر و شارەکانی تری عێراق و بتوانین بە وڵاتانی دەرەوەشی ببەستینەوە و هەموومان ڕوئیایەکی ڕوونمان دەبێت."
ژمارەی دانیشتووانی هەولێر لە ساڵی 2020 نزیکەی دووهێندە زیادی کردووە، ئەمەش وا دەکات فراوانبوون و گەشەپێدان ببێتە پێویستییەکی حەتمی. شارەکە کە پێشتر تەنها بە قەڵا دێرینەکەی دەناسرا، ئێستا بووەتە نموونەیەکی دیاری گۆڕانی شارستانی.
هەولێر لە دیوارە مێژووییەکانییەوە تا پشتێنە سەوزاییەکانی، سەلماندوویەتی کە دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی ڕابردوویەکی دەوڵەمەند و بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشدا ڕابگرێت. ئەگەر پلانەکان وەکوو خۆیان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، هەولێر دەتوانێت ببێتە یەکێک لە چالاکترین و پێشکەوتووترین شارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.