نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی قەڵای هەولێر لە قۆناغی کۆتایی دایە

نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی قەڵای هەولێر گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، کە یەکێکە لە کۆنترین مزگەوتەکانی کوردستان و جیهان. هاوکات نۆژەنکردنەوەکەی بەپێی ستانداردی یونسکۆیە و نەخشەسازیی مۆرکی کوردەواری پێوە دیارە. هەروەها مزگەوتەکە لەلایەن ئەندازیار و شارەزایانی شوێنەواری ناوخۆوە نوێژەن دەکرێتەوە، جگە لە مزگەوتەکە، حوجرە و حەوشە و شوێنەکانی دیکەش لەسەر شێوازی کۆنی خۆی نۆژەنکراونەتەوە.
هێژا زاهیر شوێنەوارناس بە کوردستان24ـی گوت: ئەو نەخشانەی کە لە قەڵات بەکارهاتووە، هەمان ئەو نەخشانەمان بۆ نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە بەکارهێنەوە، لەبەر ئەوەی مۆرکی کوردەواری و دینیی پێوە دیار بێت. بەپێی توێژینەوەکان ئەمە چوارەم کۆنترین مزگەوتە لە جیهان.
مزگەوتی گەورەی قەڵا، مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 730ـی زایینی، واتە ساڵی 24ـی کۆچی، کە لە سەردەمی ئیمامی عومەر و لەلایەن عوتبەی کوڕی فەرقەدی سەلەمی دروست کراوە. هاوکات دوای نۆژەنکردنەوەی، وتاری هەینی لە مزگەوتەکە دەخوێنرێتەوە.
مامۆستا محەممەد موفتی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گەورەی قەڵا ئاماژەی دا، بنەماڵەی مەلا ئەفەندی 400 ساڵە مزگەوتەکە بەڕێوەدەبن، هەروەها هەر کە نۆژەنکردنەوەکە تەواو بوو، دەرگای مزگەوتەکە بۆ گوتاری هەینی، نوێژ و خوێندن دەکرێتەوە.
شوێنەوارناسان ڕایدەگەیەنن مزگەوتی گەورەی قەڵای هەولێر یەکێکە لە کۆنترین مزگەوتەکان لەسەر ئاستی جیهان و کوردستان. دوای پرۆسەی نوێژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر، مزگەوتەکە دەبێتە یەکێک لە شوێنەوارە گەشتیارییە ئایینییەکانی شاری هەولێر.