کارکردن لە قۆناغی سێیەمی بەرزەپردی 'تۆفیق وەهبی' لە سلێمانی دەستیپێکردووە

کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی بەرزەپردی 'تۆفیق وەهبی' لە شاری سلێمانی بەردەوامە و لە ئێستادا چووەتە قۆناغی سێیەمەوە، کە دروستکردنی ئەندەرپاسێک لەخۆدەگرێت. 

ئەم پڕۆژەیە بە یەکێک لە پڕۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەکانی شارەکە دادەنرێت و ئامانج لێی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆیە لەسەر شەقامی بازنەیی 'مەلیک مەحموود'.

پڕۆژەکە کە ناوی "یەکتربڕی تۆفیق وەهبی"یە، بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت. قۆناغی یەکەم و دووەمی پڕۆژەکە کە بریتی بوون لە دروستکردنی شەقامە جێگرەوەکان و کردنەوەی بەشی سەرەوەی ئەندەرپاسەکە، کۆتاییان هاتووە. بەشی سەرەوەی یەکتربڕەکە لە بەرواری 2ی تەممووزی 2025 بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە.

ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە بەستنەوەی بەشی سەرەوەی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموودە بە بەشی خوارەوەی، کە چەندین گەڕەکی شاری سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست دەکات.

ئامانج محەممەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "قۆناغی کۆتایی پڕۆژەکە بریتییە لە تەواوکردنی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود و بەستنەوەی بە شەقامەکانی دیکەی پڕۆژەکەوە."

هاوکات، زەردەشت ڕەفیق، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا کە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود و ئاسانکاری لە هاتوچۆی نێوان شەقامی سالم و گەڕەکی چوارچرا دەکات.

پڕۆژەی یەکتربڕی تۆفیق وەهبی لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوودا بەردی بناغەی دانراوە. گوژمەی پڕۆژەکە نزیکەی 12 ملیار و 76 ملیۆن دینارە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ کارەکانی قۆناغی سێیەمی تەواو بکرێت و بە تەواوەتی بکەوێتە خزمەتی شوفێران و هاووڵاتییانی شاری سلێمانییەوە.

 
Fly Erbil Advertisment