پێشانگەی ساڵانەی ترێ لە عەنکاوە کرایەوە

لە شارۆچکەی عەنکاوە، پێشانگەی ساڵانەی ترێ بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە جووتیاران و هاوڵاتییان کرایەوە. ئەم پێشانگەیە کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، جۆرەها بەرهەمی ترێ و بەرهەمە لاوەکییەکانی وەک مێوژ، سرکە و دۆشاوی تێدا نمایش دەکرێت.

لە پێشانگەکەدا، چەندین جۆری جیاوازی ترێی ناوخۆیی نمایشکرابوون کە سەرنجی سەردانکەرانیان ڕاکێشابوو. هەروەها، چەندین چالاکی دیکەی کولتووری وەک نانکردن بە شێوازی سوننەتی و نمایشکردنی خواردنە کوردەوارییەکان بەڕێوەچوون، کە دیمەنێکی جیاوازیان بە پێشانگەکە بەخشیبوو.

سوزان تۆمەبۆیی، یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگەکە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە سێیەمین ساڵە ئەم فیستیڤاڵە بەڕێوەدەچێت و ساڵانە لەم کاتەدا ساز دەکرێت. ئەو گوتی: "پار بەشداریم کرد و ئەمساڵیش داوایان لێکردم بەشداری بکەم، بەتایبەت لە دروستکردنی 'ئەستوکی تەندوور' کە لە بازاڕدا کەمە."

قەشە یوسف تۆما، یەکێک لە ڕێکخەرانی پێشانگەکە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "ئەم پێشانگەیە ساڵی جارێک لە لایەن برایانی سلوانەوە لێرە ئەنجام دەدرێت. هانی جووتیاران دەدات بەهای ئەم سەروەتانە بزانن، بەتایبەتی ترێ." ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە سوودەکانی ترێ کرد و وتی کە هەم وەک خواردن و هەم وەک میوە و مێوژ سوودی لێوەردەگیرێت و دیمەنێکی جوانیشی هەیە.

ئەم پێشانگەیە بووەتە بۆنەیەکی ساڵانە بۆ کۆکردنەوەی جووتیاران و هاوڵاتییان و ناساندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی ترێ کە بە یەکێک لە بەرهەمە سەرەکییەکانی کوردستان دادەنرێت.

 
Fly Erbil Advertisment