واشنتن.. هونەرمەندێکی کورد لە ڕێگەی پێشانگەیەکی شێوەکاری دۆزی کورد دەناسێنێت

لە چالاکییەکی هونەریدا کە لەلایەن ڕەوەندی کوردییەوە لە واشنتن ڕێکخرابوو، پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ هونەرمەندی ناوداری کورد، لوقمان ئەحمەد، کرایەوە.

 پێشانگەکە ژمارەیەکی بەرچاو لە تابلۆی هونەرمەندی لەخۆگرتبوو کە ڕەنگدانەوەی کولتوور و ژیانی کوردی بوون و بووە جێی سەرنجی ئامادەبووانێکی فرەنەتەوە.

لەم پێشانگەیەدا، کە لە ماڵێکی تایبەت لە ویلایەتی ڤێرجینیا بەڕێوەچوو، لوقمان ئەحمەد بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و لەبەرچاوی میوانەکاندا، پۆرترێتی مۆزیکژەنی یۆنانی، سپیرۆز کۆلیا ڤاسیلیس، کێشا، کە ئەمەش جووڵەیەکی هونەریی سەرنجڕاکێش بوو بۆ ئامادەبووان.

لوقمان ئەحمەد، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، ئامانجی پێشانگەکەی خستەڕوو و گوتی: "ئەم پێشانگەیە تایبەتە و لە ماڵێکی تایبەت لە ڤێرجینیا بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی خەڵک بێن و لە نزیکەوە تابلۆکان ببینن." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامادەبوونی نەتەوە جیاوازەکان لەوانە عەرەب، ئەمەریکی و کورد، دەرفەتێکی باشە بۆ نزیکبوونەوەی کولتوورەکان. ئەحمەد گوتیشی: "لەنێو تابلۆکاندا شتی کوردیمان هەیە بۆ ئەوەی بە خەڵکی بیانی بناسێنین و پەیامێکیان پێبگەینین."

سپیرۆز کۆلیا ڤاسیلیس، مۆزیکژەنی یۆنانی، باسی لە پەیوەندی دۆستانە و هونەریی خۆی لەگەڵ لوقمان ئەحمەد کرد و گوتی: "ماوەی 15 ساڵە کولتوری یۆنانی و میۆزیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکەمەوە. لەگەڵ لوقمان دۆستایەتی و هەماهەنگیمان بۆ 15 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە." ناوبراو جەختی لەسەر نزیکی کولتووری نێوان کورد و یۆنان کردەوە.

شەمیم ڕەسام، ڕۆژنامەنووس و یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگەکە، ستایشی کاری هونەریی لوقمان ئەحمەدی کرد و بە یەکێک لە ناوازەترین هونەرمەندەکانی دانا کە دەتوانێت لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە کولتووری کوردی و عێراقی بناسێنێت.

ئەم چالاکییە هونەرییە، جگە لەوەی دەرفەتێک بوو بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانی هونەرمەندێکی بەتوانای کورد، بووە سەکۆیەکیش بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی کولتووری لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی نیشتەجێی واشنتن.

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment