بەغدا.. حەوت ئەندامی خێزانێک بەهۆی شۆرتی کارەباوە مردن

لە شاری بەغدا، بەهۆی شۆرتی کارەبا، سبلیتێک گڕی گرت، کە بووە هۆکاری گیانلەدەستدانی حەوت ئەندامی خێزانێک، بە یەکجاری دەرگەی ماڵەکەیان داخرا.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، لە گەڕەکی ئوری شاری بەغدا، لە ماڵێکدا بەهۆی شۆرتی کارەباوە سبلیتێک گڕی گرت و لە ئەنجامدا 7 ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا.

پەیامنێری کوردستان24، باسی لەوە کرد، دوو منداڵی ئەو خێزانە، کاتێک لەنێو خەودا بوونە بەهۆی دووكەڵەوە خنکاون، هێزە ئەمنییەکانیش گەیشتووەنەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

دراوسێیەکی ئەو ماڵە بە شڤان جەباری ڕاگەیاند: کاتێک دووکەڵ لە ماڵەکە بەرز بووەوە ئینجا ئێمە زانیمان، هەر حەوت ئەندامی خێزانەکە مردوون، بەڵام بە داخەوە کاتێکی زۆری خەیاند تا تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.

شڤان جەباری، دەشڵێت: ئەوەی لەو چیرۆکەدا زۆر ناخهەژێن بوو، ئەوە بوو کە بە یەکجاری دەرگەی ماڵەکەیان داخرا، چونکە تەواوی ئەندامانی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا.

 
 
Fly Erbil Advertisment