هەولێر..کارمەندەکانی کۆمیسیۆن ڕاهێنانیان لەبارەی ڕێکارە نوێیەکانی هەڵبژاردن پێدەکرێت

کارمەندانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بەهۆی شێوازی نوێی دەنگدان و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن ڕاهێنانیان پێدەکرێت، کە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، هاوکات تاوەکوو کاتی هەڵبژاردن، سێ جاری دیکە ڕاهێنانیان پێدەکرێتەوە.

هەروەها ئەو کارمەندانی ئێستا ڕاهێنانیان پێدەکرێت، لە ڕۆژی دەنگدان دەبنە ڕاهێنەری کارمەندانی وێستگەکانی دەنگدان، زانیاری لەبارەی ئامێرە نوێیەکان هەڵبژاردن بە دەنگدەران دەدەن.

کارزان دڵشاد، ڕاهێنەر لە هۆبەی مەشق و ڕاهێنانی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن بە کوردستان 24ـی گوت: خولی یەکەم، کارمەندەکان بە ئامێرە نوێیەکانی وەکوو VVD ، PCOS و RTS ئاشنا دەکەین، دواتر لە مانگی ئەیلوول کار لەسەر ڕێکارەکان دەکەین. ئاماژەشی دا، ئەو کارمەندانە ڕاهێنان بە فەرمانبەرانی سەر سندووق دەکەن.

ڕێکارەکانی دەنگدانی داهاتوو گۆڕاون، هاوکات لە ڕێگەی ئامێرە نوێیەکانەوە، کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەر کراوە، بە شێوەیەک هەر دەنگدەرێک پەنجەمۆری نەخوێنرێتەوە، پەنا دەبرێتە بەر وەرگرتنی وێنەی ڕوخسار. کارمەندەکانیش ڕاهێنان لەسەر ئەو ڕێکارە دەکەن.

پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، تەواو ئەلیکترۆنییە، پرۆگرام و شێوازی کارکردنی ئامێرەکان نوێکراوەتەوە. کۆمیسیۆن لە شێوازی دەنگدان و ناردنی ئەنجامەکان گۆڕانکاریی کردووە. هاوکات بڕیارە لەم نزیکانەدا ئەو ئامێرانەی کە بۆ چارەسەری کێشەکان و نوێکردنەوەی نێردرابوونە وڵاتی کۆریای باشوور، بگەڕێنرێنەوە عێراق و هەرێمی کوردستان و بەسەر بنکەکانی دەنگداندا دابەش بکرێن.

نەبراس یاسین بەڕێوەبەری مەشق و ڕاهێنان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن گوتی: گۆڕانکاریی زۆر لە ئامێرەکانی دەنگدان کراون، لە ئامێرێکی وەکوو VVD کامێرای بۆ زیاد کراوە، باترییەکی باشتر کرایە، وەشانی نوێی بۆ هاتووە، بە شێوەیەکی گشتی گۆڕانکاری زۆر باش کراون.

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پرۆسەی دەنگدان تەواو ئەلیکترۆنی بوو. بڕیارە لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆسەکەش بۆ یەکەم جار بە تەواوەتی ببێتە ئەلیکترۆنی.

 
 
Fly Erbil Advertisment