7ـی ئەیلوول دەوامی فەرمیی قوتابییان لە زانکۆی سەڵاحەددین دەست پێدەکاتەوە

زانکۆی سەڵاحەددین ساڵنامەی خوێندنی بۆ وەرزی خوێندنی 2025-2026 بڵاو کردەوە و رایگەیاند: هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن.
سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەددین ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە 1ـی ئەیلوولەوە دەوامی فەرمی مامۆستایان لە زانکۆ و لە 7ـی ئەیلوولیشەوە دەوامی قوتابییان دەست پێدەکات.
سامان عەبدوڵڵا گوتیشی: قوتابییانی بەشە ناوخۆییەکان جگە لە قۆناغی یەکەم، لە هەمان ڕێککەوتی دەوامی مامۆستایان دەتوانن مامەڵەی بەشە ناوخۆییەکان بکەن، کە تاوەکوو 25ـی ئەم مانگە تەواوی بەشە ناوخۆییەکان پاک دەکرێنەوە و ئامادە دەکرێن بۆ قوتابییان.
ئاماژەی بەوەدا، 23ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، تاوەکوو 4ـی کانوونی دووەمی 2026، پشووی سەری ساڵە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، هەموو ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازیی لە قوتابییانمان بکەین.