زۆرینەی ئەو سەوزە و میوەی لە بازاڕەکانی دهۆک دەفرۆشرێت، خۆماڵییە

 لە بازاڕی میوە و سەوزەی شاری دهۆک، خواستێکی بەرچاو لەسەر بەرهەمە خۆماڵییەکان دەبینرێت و هاووڵاتییان زیاتر ڕوو لە کڕینی ئەو بەرهەمانە دەکەن کە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتوون. فرۆشیاران و کڕیاران ئاماژە بەوە دەکەن کە تامی خۆشتر و تازەیی بەرهەمە خۆماڵییەکان هۆکاری سەرەکی ئەم خواستەن.

جیهاد زیوکی، کە زیاتر لە 20 ساڵە لەم بازاڕەدا کار دەکات، گرنگییەکی تایبەت بە فرۆشتنی بەرهەمی خۆماڵی دەدات. ئەو دەڵێت، "خەڵک زیاتر حەزیان لە بەرهەمی خۆماڵییە، چونکە تام و بۆنی خۆشترە و ئاوی سازگارتری هەیە." هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هەر میوەیەکدا، ڕاستەوخۆ لە بازاڕەکەیدا بەردەستی دەکات.

فرۆشیارێکی دیکە بەناوی نیوار نێروەیی، ڕایگەیاند، هەرچییەک بتەوێت لەو بازاڕە دەستت دەکەوێت، لە میوەی وەرزییەوە تا دەگات بە جۆرە جیاوازەکانی سەوزە. ئەو گوتی، "بەرهەمی خۆماڵی، وەک هەنجیر و ترێ، خواستی زۆری لەسەرە و زۆربەی کڕیارەکانمان بەدوایدا دەگەڕێن."

بە گوتەی فرۆشیاران، هەرچەندە بەرهەمی هاوردەکراو لە بازاڕدا بوونی هەیە، بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر دەفرۆشرێت. کڕیارانیش جەخت لەوە دەکەنەوە، نرخی گونجاو و کوالێتیی بەرزی بەرهەمە خۆماڵییەکان وایکردووە کە زیاتر سەرنجیان بۆ لای خۆی رابکێشێت.

شایەنی باسە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ڕۆژانە لە ڕێگەی پسوولەیەکەوە، نرخی هەموو جۆرە میوە و بەرهەمێکی خۆماڵی دیاری دەکات و بەسەر فرۆشیاراندا دابەشی دەکات، بۆ ئەوەی جیاوازی لە نرخدا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دروست نەبێت. 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە بۆ پشتگیریکردنی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەمەش لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن.

 
Fly Erbil Advertisment