قەیرانی ئاو لە بانە قووڵتر بووەتەوە؛ "خەمساردیی بەرپرسان هۆکاری سەرەکییە"

ماوەی دوو ساڵە قەیرانی کەمئاوی لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و ئەمساڵ زیاتر پەرەی سەندووە، چالاکوانان و دانیشتووانی شارەکەش نیگەرانن و دەڵێن بەرپرسان لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا کەمتەرخەمن.

ساڵی ڕابردوو، چالاکوانانی مەدەنی هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوەیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو رێکخست. فەتاح ئەمێرزادە، چالاکوانێکی مەدەنی، ئاماژە بەوە دەکات، وەک ئەنجوومەنی "پاژین" لە ساڵی 1400ی هەتاوی (2021ی زایینی) سکاڵایەکی گشتییان لەناو شاردا تۆمار کردووە و بە واژۆی نزیکەی 24 هەزار کەس داوای چارەسەری کێشەی ئاویان کردووە. بەڵام وەک ئەو دەڵێت، "بەداخەوە لەو کاتەوە بەرپرسان کەمتەرخەمیان کردووە و خاوەندارێتیان لە کارەکەیان نەکردووە".

قەیرانەکە ئەمساڵ قووڵتر بووەتەوە و مامۆستایەکی خانەنشین پێی وایە هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە، نەبوونی بەڕێوەبردنێکی دروستی ئاوە، چ لە کاتی ئاسایی و چ لە کاتی قەیراندا. پەیام رەمەزانی، مامۆستای خانەنشین، دەڵێت، "پلان و بەرنامەیەکی درێژخایەن دانەنراوە بۆ ئەوەی لە کاتی قەیراندا، لانی کەم بۆ ماوەیەکی کورت، وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و دانیشتووانی ناوچەکە بێت".

هاووڵاتیان دەڵێن هۆکارەکانی ئەم کەمئاوییەی بانە، هەم کەمتەرخەمیی بەرپرسان و هەم گۆڕانی کەشوهەوایە. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەرپرسان ستراتیژ و پلانی دووربینانەیان بۆ ئاو نییە و مۆڵەتی لێدانی بیری قووڵ کۆنترۆڵ نەکراوە.

عەباسی ئازاد، چالاکوانێکی دیکەی مەدەنییە و دەڵێت ماوەی چوار مانگە هەستیان بە قەیرانێکی زۆر سەخت کردووە لە شاری بانە و لەگەڵ بەرپرساندا لە کۆبوونەوەدا بوون. ئەو دەڵێت، "هەستیاریمان پێ راگەیاندن و بەرپرسان زۆر بەڵێنیان پێداین کە کارەکانیان ڕێکخستووە و بڕیارە لە بەنداوی چراغ وەیسەوە ئاومان بۆ بێنن، بەڵام بەداخەوە گوێیان لێ نەگرتین".

هاوکات، عوسمان رەفعی، مامۆستایەکی خانەنشین، ئاماژە بەوە دەکات، ئاوی بەنداوی "کێلێ" لە لێژاییدایە و گەنیوە، کەچی هێشتا ئەو ئاوە دەکەنە تۆڕی ئاوی ماڵانەوە. ئەو دەڵێت، "ئاوەکە بۆ خواردنەوە شیاو نییە و لە دوورەوە بۆنی دێت، بەداخەوە هەر ئەو ئاوە رۆژانە بۆ سێ تا چوار کاتژمێر دێتە ناو تۆڕی دابەشکردنی ئاوی ماڵەکانمانەوە و بە منداڵەکانمان دەدرێت".

دانیشتووانی بانە داوا لە بەرپرسان دەکەن بە زووترین کات چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە، چونکە وەک دەڵێن، ئەگەر زوو چارەسەرێک نەدۆزرێتەوە، ئەم بێ ئاوییە کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment