ئێران.. خراپیی تۆڕی ئینتەرنێت وەزیری پەیوەندییەکانی نیگەران کردووە

 ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران، ڕایگەیاند، وەک وەزیری پەیوەندییەکان لە کوالێتیی ئینتەرنێت ڕازی نیم و پێویستە هەوڵ بدەین خزمەتگوزاریی باشتر پێشکەش بە خەڵک بکەین.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی هەم میهەن، ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان، جەختی لەوە کردەوە کە خراپیی کوالیتیی ئینتەرنێت کاریگەریی نەرێیی لەسەر گەشەکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کۆچکردنی پسپۆڕان و لە هەموو گرنگتر، بەرهەمهێنانی ئابووری هەیە. 

جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەریخست کە لە کاتە هەستیارەکاندا، نیگەرانییە ئەمنییەکان و بارودۆخی جەنگ، دەکرێت ببنە هۆی ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک سیستەمی دیاریکردنی شوێن(GPS)، پچڕانی بەربڵاوی ئینتەرنێت و هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دامەزراوەکان، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی هەموو ئێرانییەکان هەبوو. 

هەرچەندە لە کاتی نەخوازراوی شەڕدا ناتوانرێت ڕێگری لەم کێشانە بکرێت، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە زۆرێک لەم کێشانە لە کاتی ئاشتیشدا هەبوون.
 هاشمی لەم بارەیەوە گوتی:  پشتگوێخستنی کوالیتیی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی، بێگومان، دەرەنجامی خراپی بۆ سەر ئاسایش باری کۆمەڵایەتیی خەڵک دەبێت.

ماوەیەکی زۆرە کە خەڵک و بەرپرسان گلەیی لە کوالێتیی خراپی ئینتەرنێت دەکەن. لە ڕاستیدا، ئینتەرنێت لە ئێراندا گیرۆدەی دوو کێشەی گەورەیە: یەکەم، پڕۆژە گەورەکانی وەک پەرەپێدانی فایبەری تیشکی و نەوەی پێنجەمی مۆبایل (5G) بوونەتە قوربانیی بیرۆکراسیی ئیداری و کێشەی بوودجە. دووەم، سیاسەتەکانی سنووردارکردنی ئینتەرنێت کە تەنانەت ناڕەزایی وەزیریشی لێ کەوتووەتەوە.

وەزیری پەیوەندییەکان، باسی لە داڕشتنی پاکێجێکی گشتگیر بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی سنووردارکردنی ئینتەرنێت کرد و گوتی: ئامانج لەم پاکێجە، بەرەنگاربوونەوەی کۆچی پسپۆڕان، سستبوونی بازاڕە ئۆنلاینەکان و ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگەیە.

کەمتر لە 10 ڕۆژ لەمەوبەر، ڕاپۆرتێک لەسەر کوالیتیی ئینتەرنێتی ئێران، بڵاو کرایەوە کە ئاماژەی بە بەردەوامیی قەیران و زیادبوونی کێشەکان دەکرد. لە ڕاپۆرتی خولیی کۆمەڵەی بازرگانیی ئەلیکترۆنیدا هاتووە "کوالیتیی ئینتەرنێت لە ئێران نەک هەر باشتر نەبووە، بەڵکوو لە پێوەرەکانی وەک ئەزموونی بەکارهێنەر، سەقامگیری، خێرایی داگرتن و بارکردندا پاشەکشەی کردووە و مەودای لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان زیاتر بووە."

ئێران لە ڕیزبەندیی کوالیتیی گشتیی ئینتەرنێتدا لەنێو 100 وڵاتدا پلەی 97ی بەدەست هێناوە. هەروەها لە بواری خاویی ئینتەرنێتدا پلەی 84 و لە بێمتمانەیدا پلەی 92 و لە سنووردارکراویدا پلەی 99ی هەیە، ئەم ڕیزبەندییەش گەورەیی کارەساتەکە نیشان دەدات.

ستار هاشمی، ڕایگەیاند "بە ئاسانی دەتوانرێت بگوترێت ئەگەر کات و بودجەی وەزارەتی پەیوەندییەکان، ئەندازیارانی ئەلیکترۆنی و پسپۆڕان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی فیلتەرکردن لە وڵاتدا خەرج نەکرایە، بێگومان لە کاتی جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا تۆڕی ئینتەرنێت و فەزای ئەلیکترۆنیی وڵات تووشی ئەم کێشانە نەدەبوون."

هاشمی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: کاتێک بودجەی ژێرخانەکان بۆ فیلتەرکردن و تێپەڕاندنی خەرج دەکرێت، کار دەگاتە ئەوەی کە ماوەی جەنگی  12 ڕۆژەدا و دوای ئەوەش، نەک هەر کوالیتیی ئینتەرنێت خراپتر بوو، بەڵکوو لە بەشی داتاشدا کێشە دروست بوو و لەوەش خراپتر، تەنانەت لە پەیوەندییەکانیشدا کێشە سەری هەڵدا.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment