وەزیری وزەی تورکیا: ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی نوێی گواستنەوەی نەوتنمان بۆ عێراق ناردووە

ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا
ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا

وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، دەڵێت: ڕێککەوتنی ئێستای عێراق-تورکیا بۆ گواستنەوەی نەوت، چیدیکە لە ئاست چاوەڕوانیدا نییە، هەروەها وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی وزەی جیهانیی ئەمڕۆ نییە.

هەینی 15ـی ئابی 2025، ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ڕایگەیاند: بۆری نەوتی نێوانییان لەگەڵ عێراق توانای گواستنەوەی 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە، بەڵام هیچ کاتێک بە تەواوی توانای خۆی کاری نەکردووە.

وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد، بەم دواییانە حکوومەتی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە کە ڕێککەوتنی ئێستا چیدیکە لە ئاستی چاوەڕوانیدا نییە و وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی وزەی جیهانیی ئەمڕۆ نییە.

دەشڵێت: ئێمە ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی نوێمان بۆ عێراق ناردووە، هەروەها ئێستا پێداچوونەوەش بە داڕشتنی ڕەشنووسە نوێیەکەدا دەکەین.

هاوکات هیواخوازە، تیمە تەکنیکییەکان بەم زووانە کۆببنەوە بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنە نوێیەکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە 21ـی تەممووزی ڕابردوودا، بریارێکی ئەردۆغان لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو کرایەوە کە ئاماژەی بەوە کردبوو ڕێککەوتننامەی ئێستای گواستنەوەی نەوتی عێراق-تورکیا، کە لە ساڵی 1973 واژۆ کراوە، لە 27ـی تەمووزی 2026 کۆتایی دێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment