پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو بە گوژمەی 420 ملیار دینار لە بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕەزامەندی دراوە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گەورەی ئاو بە گوژمەی 420 ملیار دینار لە شارۆچکەی بەردەڕەش.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕ کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆ ئەمساڵ ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش دراوە، كە ئاو لە زێی گەورە بۆ بەردەڕەش و دارەتووی بەردەڕەش و 58 گوند دابین دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان، دەڵێت: بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا گرێبەست بكرێت و دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بكرێت.
ئاری ئەحمەد دەشڵێت: بودجەی پڕۆژەکەی ئاوی بەردەڕەش 420 ملیار دینارە، بۆیە ئێستا خەریكی ڕێكارەكانی پڕۆژەكەین.
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دابینكردنی ئاو بۆ خەڵكی ھەرێمی كوردستان بەردەوام پڕۆژەی ستراتیجی لە ناوچە جیاجیاكانی ھەرێمی كوردستان دەکات، تا ئێستا چەندان پڕۆژەی ستراتیجی کردووە و دیارترینیان پڕۆژەی ئاوى فریاگوزاریی خێرایە بۆ ھەولێر.