بێستوون میرانی: هەمواری یاسای باری کەسیی کێشەی زۆر بۆ دادگە و کۆمەڵگەش دروست دەکات

پارێزەرێکی هەرێمی کوردستان پێی وایە، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی، کێشەی زۆر بۆ دادگە و بۆ کۆمەڵگەش دروست دەکات، چونکە هەر کەسێک کە هاوسەرگیریی بکات، دەتوانێت  خۆی هەڵیبژێرێت لەسەر چ مەزهەبێک بێت هاوسەرگیرییەکەی، دەشڵێت: هەموارکرنەوەکە، ئەرک و ماف و میرات و تەمەنی بەشوودان لە مەزهەبێک بۆ مەزهەبێکی دیکە دەگۆڕێت.

یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، پارێزەر بێستوون میرانی، لە بارەی زیادبوونی حاڵەتی هاوسەرگیریی لەسەر مەزهەبی جەعفەری کە ناڕەزایی شەقامی عێراقی لێ دروستبووە، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی کێشەی زۆر بۆ دادگە و کۆمەڵگەش دروست دەکات، چونکە هەر کەسێک هاوسەرگیریی بکات، دەتوانێت  خۆی هەڵیبژێرێت لەسەر چ مەزهەبێک بێت هاوسەرگیرییەکەی، هەروەها ئەرک و ماف و میرات و تەمەنی بەشوودان لە مەزهەبێک بۆ مەزهەبێکی دیکە دەگۆڕێت، ئەمەش گرفتی زۆر دروست دەکات.

بێستوون میرانی گوتیشی، یاساکە ئاماژەی بەوە داوە، کچانی خوار تەمەنی 15 ساڵی نابێت بەشوو بدرێن، بەڵام هەندێک لە مەزهەبەکان بڕوایان وایە، دەکرێت کچ لەو تەمەنە بچووکتریش مارە بکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازاری جەستەیی و دەروونی ئەم منداڵە.

بەپێی مەزهەبی جەعفەری، مافی بەخێوکردنی منداڵ لە هەر تەمەنێک بێت، بە باوک دەبەخشرێت، یاسای جەعفەری تەنها لە بڕگەی هاوسەرگیریی لە مەزهەبەکانی دیکە جیاواز نییە، بەڵکو لە بابەتی میراتیش مافی ئافرەت جودایە، بۆ نموونە لە کاتی مردنی پیاو، هاوسەرەکەی تەنها دەتوانێت میراتی خۆی لە باڵەخانەکە وەربگرێت، بەڵام لە نرخی زەوییەکە نا، ئەگەر پیاوەکە تەنها زەوی هەبێت، جا زەوی نیشتەجێبوون بێت یاخود کشتوکاڵیی، ئەوا هیچ میراتێکی بەر ناکەوێت.

ڕۆژی 16ی ئاب لە بەغدا، چەند ڕێکخراوێکی چالاکیی مەدەنیی و مافی ئافرەتان، دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی، هاتنە سەرشەقامەکان و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی. 

شەهد عامری، چالاکوانی مافی ئافرەتان، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، دوای جیابوونەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەی، منداڵەکانی لای خۆی ماونەتەوە بەڵام بەهۆی هەموارکردنەوەی یاساکە، هاوسەرەکەی هاتووە و داوای منداڵەکانی لێدەکات، بە گوتەی شەهد، باوکیان باوکێکی خراپە و تەنها بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لە خەرجییان، دەیەوێت منداڵەکان لای خۆی بمێننەوە، شەهد گوتی: من بە هیچ جۆرێک خەرجیم ناوێت، تەنها دەمەوێت منداڵەکانم لای خۆم بمێننەوە.

جەمیلە عزەت، ئافرەتێکی دیکەیە و لەگەڵ هاوسەرەکەی جیابووەتەوە دەڵێت، هاوسەرەکەم دوای ئەوەی بە زۆر منداڵەکانی لێسەندمەوە، ئێستا کچە هەرزەکارەکەمی داوەتە شوو، بە گوتەی جەمیلە، ئەم یاسایە ژیانی دایک و منداڵی عێراقی وێران کردووە و ئەوان بە هەموو شێوەیەک لە دژی دەوەستنەوە.

  یاسای باری کەسیی ژمارە 188ی عێراقی لە ساڵی 1959  لەسەر مەزهەبی حەنەفی و بە ڕەچاوکردنی ڕا و بۆچوونی مەزهەبەکانی دیکەش دانراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment