ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیران: مانگی داهاتوو ئەرکی هاوپەیمانان لە بەغدا و عەین ئەسەد کۆتایی دێت

حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، ئەرکی شاندی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەغدا و عەین ئەسەد، لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا کۆتایی دێت.

یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند "حکوومەتی عێراق پابەندە بە کارنامە حکوومییەکەیەوە لە ڕێگەی بنیادنانی هێزە چەکدارەکان و کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵیاندا، بۆ پەیوەندییەکی بەرگریی دووقۆڵیی سەقامگیر، کە لەژێر ڕۆشنایی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکاندا بەڕێوە دەچێت."

عەلاوی گوتی: عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا گەیشتە ڕێککەوتنێک، دەربارەی کۆتاییهێنانی ئەرکی هاوپەیمانان بە گوێرەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو لە ساڵانی 2025 و 2026 دا. ئەم ڕێککەوتنەش، ئەرکی  هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بارەگای شاندەکە لە بەغدا و بنکەی عەین ئەسەد، لە ئەیلولی 2025 کۆتایی پێ دەهێنێت، قۆناغی نوێی هاریکاریی ئەمنی لە بواری ڕاوێژکاریی و بنیادنانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەست پێ دەکات.

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕوونی کردەوە "ئەمە دیدگەی حکوومەتی عێراقە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە هەموو بوارەکان بگرێتەوە، بە بواری ئەمنیشەوە." 

عەلاوی گوتیشی: ئەمە نیشانەی پابەندبوونی حکوومەتی عێراقە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە سەبارەت بە کۆتاییهێنانی ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییەکان بەرەو پەیوەندیی دووقۆڵی و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق- ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ پەیوەندییەکی ئاسایی؛ هەروا سەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان لەژێر چەتری ڕێککەوتنە ستراتیجییەکاندا، هەروەک چۆن بە پێی ڕێککەوتنی ستراتیجی لە نێوان کۆماری عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا هەیە."

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئەیلوولی 2026 کۆتاییان دێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment