منداڵانی کوردی دیاسپۆرا فێری زمانی کوردی دەکرێن

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕایدەگەیەنێت، بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵاتی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهاوبەشی کۆنفیدراسیۆن، دەستیان بە کۆرسی چوارەمی فێربوونی زمانی کوردی بەشێوەی ئۆنڵاین لەدەرەوەی وڵات کردووە.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ڕاگەیاندراوێکدا کە ئاراستەی کوردانی دیاسپۆرای کردووە، ڕایگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵاتی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهاوبەشی کۆنفیدراسیۆن، کۆرسی چوارەمی فێربوونی زمانی کوردیان بەشێوەی ئۆنڵاین بۆ منداڵانی کوردی دیاسپۆرا ڕاگەیاندووە کە بڕیارە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ وانەکانی دەست پێبکات.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕایگەیاندووە: لە کۆرسەکەدا، هەفتەی ڕۆژێک وانەکان بەشێوەی ئۆنڵاین پێشکەش دەکرێن، بەتایبەت، وانەکان دەکەونە ڕۆژانی یەکشەممە.
دەشڵێت: دوای تەواوکردنی کۆرسەکە، قوتابی بڕانامەی وەزارەتی پەروەردەی پێ دەبەخشرێت، کۆرسەکانیش بەهەر سێ شێوەزاری(سۆرانی و بادینی و کرمانجی) لەلایەن مامۆستایانی شارەزا و بەتوانا دەگوترێنەوە.
کۆنفیدراسیۆن ڕایدەگەیەنێت: لە کۆرسەکانی پێشوو، زیاتر لە هەزار قوتابی کورد لە دیاسپۆرا، بەشدارییان لە فێربوونی زمانی کوردی کرد، دوای تەواوکردنی کۆرسەکە، بڕوانامەی وەزارەتی پەروەردەیان ، پێبەخشرا.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دروشمێکی بەرزکردووەتەوە و دەڵێت"زمانی کوردی..ناسنامەی نەتەوەییمانە"، دەشڵێت:"منداڵەکانتان پێویستیان بەوە هەیە فێری زمانی دایک ببن".
لەهەر وڵات و شارێکی جیهان، لەڕێگەی ئەم لینکەوە(kurdistanidc.org/ziman) قوتابیان دەتوانن بۆ فێربوونی زمانی کوردی خۆیان تۆمار بکەن.