ئاوی بەنداوەکانی ئێران 25% کەمیکردووە

ئاماری فەرمیی کۆمپانیای بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەکانی ئاوی ئێران، ئاوی ناو کۆگای بەنداوەکانی ئەو وڵاتە تا 16ـی ئابی ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیکەی 21ملیار مەتری سێجا و ئەو ژمارەیە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە زیاتر لە 28 ملیار مەتری سێجا بوو، 25% کەمی کردووە و تەنیا 41%یـی کۆگای بەنداوەکان پڕە و 59%یان بەتاڵە.
بەگوێرەی فەرمیی کۆمپانیایەکە رێژەی ئەو ئاوەی ڕژاوەتە ناو بەنداوەکانیش لە 22ی ئەیلوولی 2024ـوە تاوەکوو ئێستا 23 ملیار و 810 ملیۆن مەتری سێجا بووە، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا 40 ملیار و 890 ملیۆن مەتری سێجا بووە، واتا 42% کەمی کردووە، هاوکات ڕێژەی دەرچوونی ئاوی بەنداوەکانیش 22% کەمی کردووە.
قەیرانی بەنداوەکانیش لە ناوچە جیاوازەکان، ئاستی جیاوازی هەیە، یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی شیمیل و نیان لە پارێزگای هۆرمزگان، بەنداوی ڕوودباڵ لە پارێزگای فارس و بەنداوی وەشمگیر لە پارێزگای گوڵستان بەتەواوی وشک بوون. هاوکات بەنداوی لار لە تاران تەبیا 5% ئاوی تێدا ماوە، بەنداوی دۆستی و بەنداوی توروق لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی بە ڕیز 5 و 6% ئاویان تێدایە و بەنداوی 15ی خوردادی قوم 8% و بەنداوەکانی ئیستقلال و سارنەی لە پارێزگای هۆرمزگان بە ڕیز 3 و 13% و بەنداوی سفیدڕوود لە پارێزگای گیلان 4% و بەنداوی ساوە لە پارێزگای مەرکەزی 7% ئاویان تێدایە.
بەگشتیی 12 بەنداوی گرنگی ئێران کە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ ڕۆڵی زۆر گرنگیان هەیە تەنیا 10% ئاویان تێدا ماوە.
کەمیی باران یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونی ئاوی بەنداوەکانە و لە سەرەتای وەرزی باران بارینەوە، تاوەکوو 16ی ئابی ئەمساڵ نزیکەی 147 میلیمەتر باران باریوە، بەراورد بە درێژماوە 39% و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 40% کەمی کردووە.
هەروەها هۆکارەکانی دیکەی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان، پەرەپێدانی پیشەسازی و کشتوکاڵە بەبێ لەبەرچاوگرتنی سنوورداربوونی سەرچاوەکانی ئاو، شاری پیشەسازیی گەورە لە شوێنی کەمئاو دروست کراوە و بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش کەرتی کشتوکاڵ حەوت هێندە ماڵان ئاو بەکار دێنێت.