وشکەساڵی جووتیارانی ئەفغانستانی ناچار بە کۆچ کردووە

قەیرانی ئاو لە باکووری ئەفغانستان وایکردووە جووتیاران زەویەکانیان بەجێبهێڵن، کە بەهۆی وشکەساڵی زەویەکانیان بێ بەرهەم بوون.
جووتیارێک بەناوی مەعروف بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "کاتێک منداڵت هەیە و بەرپرسیاریت لە دابینکردنی پێداویستیەکانیان، ئەگەر لەم وێرانەدا بمێنیتەوە چی دەکەیت؟".
ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەی دراوسێکانی و خەڵکی گوندەکەیان لە "تینوێتی و برسێتی" کۆچیان کردووە و ناوچەکەیان چۆڵکردووە.
ڕەسووڵی تەمەن 64 ساڵ بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، "هەموو شتێک بەندە بە ئاوەوە، کەمئاوی کاریگەری لەسەر هەموو شتێک هەیە، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەناو دەبات و دارەکانیش وشک دەبنەوە."
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2021دا، لافاو و وشکەساڵی و کارەساتەکانی دیکەی ژینگەیی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەبن، بووەتە هۆی سەرەکی ئاوارەبوون لەو وڵاتە.
مانگی ڕابردوو ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوە کردووە، تا سەرەتای ساڵی 2025، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر پێنج ملیۆن هاووڵاتی ئەفغانی هەبووە، هەروەها نزیکەی 400 هەزارکەسی ئاوارە بوون.
زۆربەی ئەفغانییەکان لە خانووی قوڕدا دەژین و زۆر پشت بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبەستن، هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا زیانێکی زۆری بە ئاوی ئەو وڵاتە گەیاندووە، بۆیە لە ماوەی چوار ساڵدا چوارەمجار ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی توند و لافاو دەبێتەوە.
هەروەها ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاندووە، "شکستهێنانی بەرهەم، وشکبوونی لەوەڕگاکان و کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاو، کۆمەڵگا گوندنشینەکانی ناچار بە کۆچکردن کردووە."
ڕوونیکردەوە "ئێستا ئەستەم بووە خێزانەکان بەرهەم بچێنن بۆ ئەوەی داهاتێک بەدەستبهێنن، یان لەو شوێنەی کە دەژین بمێننەوە".