ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزی بۆ خوێندنی باڵا ڕادەگەیەنرێت

ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزی بۆ بۆ خوازیارانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا ڕادەگەیەنرێت.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، کاتژمێر 04:00ـی پاشنیوەڕۆ، ئەنجامی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی بۆ خوازیارانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا ڕادەگەیەنرێت.
تاقیکردنەوەکە هەفتەی ڕابردوو کراوە. بە گوتەی عەباس ئەکرەم، هەزار و 892 خوێندکار لە 14 سەنتەری جیاوازی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکەدا کردووە.
ئەم تاقیکردنەوەیە ساڵانە چەند جارێک دەکرێت و مەرجێکی سەرەکییە بۆ ئەو کەسانەی کە داواکارییان بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا پێشکەش کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم ئەو خوێندکارانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزییان بۆ ئەنجام دراوە و ئەنجامەکان ئەمڕۆ بە فەرمی بڵاودەکرێنەوە.