هەردوو بنەماڵەی ڕووداوی بەنزینخانەکەی هەولێر ئاشتەواییان ڕاگەیاند
سەرۆک هۆزێک لە ئەنبار: پەیامی سەرۆک بارزانی دڵخۆشی کردین و لە خەم و ئازارەکانمانی کەم کردەوە

باوکی یەکێک لە قوربانییەکانی ڕووداوی بەنزینخانەکەی شاری هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان قسەمان کردووە و داواکارییەکانی خۆمان لە بارەی ڕووداوەکە پێگەیاندوون، بێگومان داواکاری ئێمە لە سێدارەدانی بکوژە. گوتیشی: پێشوازیی لە شاندەکەی هەرێم بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی دەکەین، بەڕاستی لە خەم و ئازاریان کەم کردینەوە.
دووشەممە 18ـی ئابی 2025، بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی، هەردوو بنەماڵەی ڕووداوی بەنزینخانەکەی هەولێر ئاشتەواییان ڕاگەیاند.
باوکی یەکێ لە قوربانییەکان بە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: پێشوازیی لەم شاندەی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەوان ئێمەیان گەورە کرد و لە خەم و ئازاریان کەم کردینەوە، سوپاسیان دەکەم.
هاوکات دەڵێت: لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان قسەمان کردووە و داواکارییەکانی خۆمان لە بارەی رووداوەکە پێگەیاندوون، بێگومان داواکاری ئێمە لە سێدارەدانی بکوژە.
لە لایەکی دیکەوە شێخ سەبری، سەرۆکی یەکێک لە هۆزەکانی ئەنبار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەخێرهانی شاندەکەی هەرێم کوردستان دەکەم، کە بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی سەردانی ئێمەیان کردووە.
باسی لەوەش کرد، پەیوەندییەکی دێرنیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و کوردەکان هەیە، کورد و عەرەب یەک نەتەوە و یەک خوێنن، ئەو ڕووداوی کوشتنەش تەنیا یەک کەس لێی بەرپرسیارە نەک نەتەوەیەک.
گوتیشی: خوای گەورە سەرۆک بارزانی بپارێزێت، هەر کاتێک سەرۆک بارزانی پەیامێکی دەبێت ئێمە پێی دڵخۆش دەبین، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بەرەو پێشەوە دەچێت و گەشانەوە بەخۆیەوە دەبینێت ئەوەش مایەی دڵخۆشی ئێمەیە.
لای خۆیەوە مامی یەکێک لە قوربانییەکان، ئاماژەی بەوە دا، هاتنی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان گەورەی کردین، پەیامی سەرۆک بارزنییان پێگەیاندین، بەڕاستی ئەوە زۆر دڵخۆشی کردین.
دەشڵێت: ئێمە زۆر ڕێز و خۆشەویستیمان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان مێژووین، هەرێم لە کاتە سەختەکاندا زۆر یارمەتی ئێمەی داوە، ئاوارەی ئێمە لەخۆ گرتبوو، هەروەها ئەو شاندەی کە هاتوون میوان نین بەڵکو خاوەن ماڵن.
ئێوارەی چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر، دەمەقاڵی لەنێوان کارمەندانی بەنزینخانەکە و کڕیارێکی خۆیان دروست دەبێت، بەهۆی ئەو دەمەقاڵییەوە، یەک لە کارمەندانی بەنزینخانەکە بە چەکی کلاشینکۆف، تەقەی لە دوو کڕیاری خۆیان کرد و کوشتیانی، هاووڵاتییەکی دیکەش کە لە نزیک ڕووداوەکە بوو، بەر دەستڕێژی کەوت و ئەویش گیانی لەدەستدا.