پرۆژەی ڕێکخستنەوەی ناوەندی شاری دهۆک بە دیزاینێکی مۆدێرن دەستی پێکرد

لە چوارچێوەی پرۆژەی سیتی سەنتەردا، بۆ ڕێکخستنەوەی ناوەندی شاری دهۆک بە دیزاینێکی مۆدێرن، شەقام و شۆستەکانی بازاڕی دهۆک نۆژەن دەکرێنەوە و ڕێک دەخرێنەوە، هاوکات ستوونەکانی کارەبا لەم بازاڕەدا لادەبرێن و ئەمەش سیمای بازاڕی دهۆک جوانتر و شارستانی تر دەکرێت. هەروەها ئەم پرۆژەیە بە درێژایی 15 کیلۆمەتر و بە گوژمەی 3 ملیار و 408 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.

ئیسماعیل محەممەد، قایمقامی دهۆک بە کوردستان24ی گوت: ئەم پرۆژەیە لەلایەن پارێزگای دهۆک و سەرۆکایەتی شارەوانی کاری تێدا دەکرێت، بۆ ئەوەی سەنتەری شارەکە ڕێک بخرێتەوە، شەقامەکان، شۆستەکان و لێواری شەقامەکانیش چاک بکرێنەوە.

دەشڵێت، پرۆژەکە بۆ بازاڕی دهۆک زۆر پێویست بوو، چونکە بازاڕەکە، پێویستی بە ڕێکخستنەوە و نۆژەنکردنەوە هەبوو.

هەروەها شێروان حەسەن، گوتەبێژی شارەوانی دهۆک لەو بارەوە دەڵێت: ستوونە کارەباییە کۆنەکان یان ئەوانەی لەگەڵ پرۆژەی ڕووناکی ناگونجێن، لە نێو بازاڕی دهۆک لادەبرێن و ستوونی نوێ بەپێی سیستەمی نوێی کارەبا دادەنرێن، ئەمەش وا دەکات بازاڕی دهۆک 24 کاتژمێر ڕووناک بێت.

ئاماژەشی داوە، لە ناوەڕاستی شۆستەکەدا، ڕێگای نابینا و خاوەن پێداویستی تایبەت دروست دەکرێت.

ئەو ستوونانەی کارەبا کە لە بازاڕی دهۆک لادەبرێن، مێژووەکەیان بۆ 70 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بەشێکیان بۆ گواستنەوەی تۆڕی کارەبای نیشتمانی و بەشێکی دیکەشیان بۆ گواستنەوەی کارەبای موەلیدەکان بەکاردەهێنران. لەو کاتەی پرۆژەی ڕووناکی دەستی پێکردووە، پرۆژەی لابردنی ستوونەکان و گەیاندنی تەزووی کارەبا بە سیستەمی ژێر زەوی دەستی پێکردووە.

 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment