ڕاوێژکارێکی سوودانی بۆ کوردستان24: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار کاتییە

بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار، جارێکی دیکە ڕووی لە دابەزین کردووە و ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هۆکارەکەی بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات و پلانی حکوومەتیش بۆ کۆنترۆڵکردنی بەهاکەی دەخاتەڕوو.

دووشەممە 18ـی ئابی 2025، مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هۆکاری دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی دۆلار، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی سەردانیکەرانی عێراق کە زۆرینەیان کارتی بانکی بەکار ناهێنن، ئەوەش کەمێک فشاری لەسەر بازاڕ دروست کردووە، لە هەمان کاتدا دینارێکی زۆریش خراوەتە بازاڕ.

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق باس لەوەش کرد، لە ڕابردوودا هەر دەنگۆ و هەواڵێک هەبووایە بەهای دینار ڕاستەوخۆ دادەبەزی، بەڵام ئێستا ڕێکارەکانی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە، توانیویەتی ڕێگر بێت لەوەی هەواڵی ناڕاست کاریگەریی لەسەر بەهای دینار و دۆلار دروست نەکات.

هاوکات دەشڵێت: بۆشایی نێوان بەهای دۆلار و دینار لە بازاڕەکان کەمبووەتەوە و دەگەڕیتەوە ئاستی نرخی فەرمی بانکی ناوەندی یاخود زۆر نزیک لەو نرخە، بەڵام دەبێت دوو رێکار بگیرێتەبەر. یەکەمیان؛ ئاستی پشتبەستنی هاووڵاتییان بە کارتە بانکییەکان زیاتربکرێت. دووەم؛ پێویستە هەموو ئەو مامەڵە داراییانەی کە هەن لە وڵاتەکەدا بە تەواوی بە دیناری عێراقی بکرێن.

لە دوێنێوە نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەرانبەر بە دینار بەرز بووەتەوە، هەروەها ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 141 هەزار و 800 مامەڵەی پێوە دەکرا.

 
Fly Erbil Advertisment