ههولێر.. بە پلان کۆتایی بەکارکردنی منداڵانی سەر شەقام دەهێنرێت

بەرێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، جەخت لەوە دەکاتەوە، لە داهاتوودا کارکردنی منداڵان لەسەر شەقام و ترافیکەکان قەدەغە دەکرێت و لێژنەکان بەردەوامن لە بەدواداچوونەکانیان.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، 18ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: نزیکەی دوو مانگە لێژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون لەو منداڵانەی لە شەقام و ترافیکەکان کار دەکەن، لێژنەکە توێژەرانی کۆمەڵایەتیی سەر بە بەڕێوەبەراتییەکەی ئێمهی لهخۆگرتووه.
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، گوتیشی: توێژەرانمان تاوەکوو ئێستا 130 فۆرمیان پڕکردووەتەوە، ئەو زانیارییانەی پێویستن لە نێو فۆڕمەکەدا ئاماژە پێکراون، لە چەند ڕۆژی داهاتوو قۆناغی یەکەم کۆتایی دێت.
یوسف چاوشین ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەکە لە چوار قۆناغ پێکدێت، دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەم، جیاکردنەوەیان دەبێت، کە چەندین بەهۆی نەبوونییەوە کار دەکەن یاخود لەلایەن خانەوادەکانییانەوە کاریان پێدەکرێت.
باسی لەوەش کرد، سەردانی خانەوادەی سەرجەم منداڵەکان دەکەین، بۆ ئەوەی ڕووبەڕوو گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین و لە هۆکارەکانی کارکردنییان بزانین، هەروەها ئەو منداڵانەی بەزۆر کاریان پێ دەکرێت، خانەوادەکانیان لەلایەن پۆلیسەوە سزا دەدرێن.
پێشتریش بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی هەولێر، دەربارەی کارکردنی منداڵان، بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوەکردبوو، هەر کەسێک یاخود هەر دایک و باوکێک بازرگانی بەو منداڵانە بکات، ئەگەر خەڵکی هەرێمی کوردستان بن، پشت بە یاسایی بازرگانی دەستگیر دەکرێن، بەڵام ئەگەر خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبن، ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم دەکرێن.