بەرێوەبەری ژینگەی هەولێر: بەهۆی پرۆژەی ڕووناکی، ڕۆژ بە ڕۆژ هەوای هەولێر پاکتر دەبێتەوە

بەرێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت، بەهۆی پرۆژەی ڕووناکی هەوای هەولێر پاکبووەتەوە، هاووڵاتیانیش لە ژاوەژاو و بۆنی ناخۆشی مۆلیدەکان ڕزگاریان بووە.
دڵشاد هیرانی، بەرێوەبەری ژینگەی هەولێر لە پرۆگرامی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: ئاگادار بووین کە هاووڵاتیانی هەولێر چەند لە مۆلیدەکان بێزاربوون، ئەمەش تەنیا پیسبوونی هەوا نەبوو بەڵکو ژاوەژاویش کاریگەریی زۆری لەسەر هاووڵاتیان هەبوو.
دڵشاد هیرانی ڕوونیشی کردەوە، ئەو مۆلیدانەی گازی خراپیان بەکار دەهێنا، کاریگەریی لەسەر نەخۆشیەکانی شێرپەنجە، پێست و چاو هەبووە، گوتیشی: پێشتر سێ هێڵی گەرممان هەبوو کە شەوانە زیاتر لە 100 پەیوەندیمان بۆ دەهات، کە هاووڵاتیان باسیان لە ژاوەژاو و بۆنی ناخۆش دەکرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا، ئێستا ماوەی یەک مانگە یەک پەیوەندیمان بۆ هاتووە.
گوتیشی: بۆنی ناخۆش و ئەو گازە خراپەی مۆلیدەکان بەکاریان دەهێنا وای لێهاتبوو خاکەکەشیان پیس دەکرد، ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرجار گەڕەک هەبووە ئاوی لەگەڵ گاز تێکەڵ دەبوو، ئەوە هەمووی گازی مۆلیدەکان بوو.
بەرێوەبەری ژینگەی هەولێر دەشڵێت: پرۆژەی ڕووناکی وای کرد، لە 60% مۆلەیدەکان بکوژێنەوە، ئێستا هەوای هەولێر زۆر پاک و تەندروست بووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پرۆژەیە کاریگەریی زۆری هەبووە و یەکێکە لە پرۆژە هەرە گرنگەکان، هاووڵاتیانیش فێری دەست پێوەگرتن و بەفیرۆنەدان دەکات.
ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە کاتی سەردانیکردنی گەڕەکی شادی لە هەولێر، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. ئامانج لە پرۆژەکە، دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتییان و پاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان.
پێشتر وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی، کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی دابین کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.
بەمەش لەگەڵ فراوانبوونی پرۆژەی ڕووناکی، زۆرینەی هاووڵاتییان لەسەر ئاستی شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەستییان دەگات بە کارەبای 24 کاتژمێری. ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و هەرزانتر لەپاڵ ژینگەیەکی پاکتر لە هەرێمی کوردستان.