17ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی فەرشی دەستچن لە کرماشان کرایەوە
17ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی فەرشی دەستچن لە شاری کرماشان، ناوەندی پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کرایەوە. ئەم پێشانگەیە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بەرهەمی فەرشچنەکانی ناوچە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نمایش دەکات.
لە پێشانگەکەدا، کە ڕۆژی یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، کراوەتەوە و تا ڕۆژی هەینی داهاتوو، 22ـی ئابی 2025، بەردەوام دەبێت، بەرهەمی 30 بەرهەمهێنەری ناسراوی فەرشی دەستچن و تابلۆ فەرش لە پارێزگاکانی کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خۆراسانی ڕەزەوی، ئەسفەهان و یەزد نمایش کراوە.
ئامانج لەم پێشانگەیە ناساندنی هونەری دێرینی فەرشی دەستچنی ئێرانی و کوردییە، هەروەها دابینکردنی دەرفەتێکە بۆ بەرهەمهێنەران تا بتوانن بەرهەمەکانیان ڕاستەوخۆ بە کڕیاران بفرۆشن.
یەکێک لە خاڵە جێی سەرنجەکانی ئەم پێشانگەیە، داشکاندنی تایبەتە کە لە نێوان 15% بۆ 20% بۆ سەرجەم فەرشەکان دانراوە، ئەمەش وەک هاندانێک بۆ کڕیاران و پشتیوانییەک بۆ بەرهەمهێنەران لەم دۆخە ئابوورییەدا.
بەشداربوویەکی پێشانگەکە ئاماژەی بەوەدا کە کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگەیانە زۆر گرنگە، چونکە دەرفەت بە خەڵک دەدات تا لە نزیکەوە جیاوازیی نێوان فەرشی دەستچن و فەرشی مەکینەیی ببینن و هونەری ڕەسەنی ئەم کارە دەستییە بەرز بنرخێنن.
شایەنی باسە، پیشەسازیی فەرشی دەستچنی ئێران کە سەردەمانێک یەکێک بوو لە سەرچاوە سەرەکییەکانی هەناردەی نا نەوتیی وڵات، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە.
هەناردەی فەرشی دەستچن لە زیاتر لە 1.5 ملیار دۆلارەوە بۆ کەمتر لە 40 ملیۆن دۆلار دابەزیوە. ئەمەش وایکردووە کە بەرهەمهێنەران زیاتر پشت بە بازاڕی ناوخۆیی ببەستن و پێشانگەکانی وەک ئەوەی کرماشان دەرفەتێکی گرنگن بۆ بووژاندنەوەی ئەم کەرتە.