گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە: بەهۆی کەشوهەوا ناتوانین ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، ئاگرێکی گەورە لە سنووری هەڵەبجە کەوتەوە، لەو بارەوە گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ڕایگەیاندووە، بەهەزاران دۆنم زەوی سووتاون و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەی سێ ڕۆژە ئاگر کەوتووەتەوە، ئێمە نزیک بوون لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام بەهۆی کەشوهەوای ناوچەکە و بای بەهێز دەگەڕاینەوە خاڵی سەرەتا.

گوتیشی: ئێمە لەچەندین لاوە ئاگرەکەمان کۆنترۆڵکرد بەڵام لایەکی ئاگرەکە مابوو کۆنترۆڵی بکەین، ئەو شوێنەی کە کارمەندێکی بەرگری شارستانی بەهۆیەوە گیانی سپارد، بۆیە مردنی ئەو کارمەندە و بای بەهێز وایکرد ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بکات و نەتوانین کۆنترۆڵ بکەین.

دەشڵیت سەرۆکی حکوومەت و وەزیری ناوخۆ بەڵێنی ئەوەیان پێداین، هەرچیمان پێویست بێت هاوکاریمان بکەن، گوتیشی: دوو هاووڵاتیمان بەهۆی ئاگرەکەوە شەهید بوون، جگە لەوە هەزاران دۆنم زەوی سووتاون، زیان بە باخ و پاوان و هەندێک خانووی هاووڵاتیان کەوتووە.

دەشڵێت: پارێزگاکانی هەولیر و سلێمانی و بەرگری شارستانی هەردوو پارێزگا لەسەر هێڵن بۆ هاوکاری کردنمان، ئێمە سوپاسیان دەکەین، هەورەها بەشێک لەو ئامێرانەی ئاگر کوژاندەوە لە شەقڵاوە هاتوون، بەشێک لە سلێمانیەوە هاتوون.

لەکۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر کەشوهەوا باش بێت دەتوانین ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین، بەڵام ئێستا بەهۆی باوە زیاتر تەشەنەی کردووە.  

دوێنێ دووشەممە، نوخشە ناصح، پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی ئەو دوو هاووڵاتییە لەکاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی سنووری پارێزگاکەیان گیانیان لەدەستدا، هاوبەشیکردنی خەمی بنەماڵە بەڕێزەکانیان، پارێزگای هەڵەبجە بڕیاریدا بە ڕاگەیاندنی ماتەمینی گشتیی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ.

هەروەها بۆ ئەو مەبەستەش، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ نیوە دادەگیرێت و سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە و چاڵاکییەکی شادی ئامێز ڕادەگیرێت وەک ڕێزێک بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدەكانمان.

وێنەی ئەو دوو کەسەی بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە

 

 
 
Fly Erbil Advertisment