دەستدرێژیکارانی سەر کچێکی 18 ساڵی سزای پێنچ ساڵ زیندانیان بۆ دەرکرا

نیان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر ڕایگەیاند: تاوانبارانی سەرەکی دەستدرێژی کردنە سەر کچێکی خوار تەمەن 18 ساڵە لە یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر، بە پێنج ساڵ زیندانیکردن سزادران، هاوکات هاوکارەکانیان هەریەکەیان بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادران.
پەیامنێری کوردستان24 لە سەرچاوەیەکی دادگای هەولێر زانیوویەتی: ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی ئابی 2025، دادگای هەولێر، بەپێی ماددەی 693 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەر( ڕ، س، س) کە نازناوی(ڕێبۆ مەلیکی تیکتۆکچی)ـیە، لەگەڵ (ل، ئە، ح)ـی هاوڕێیدا سەپاند، بەتۆمەتی ئەوەی لە یەکێ لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی ئیسکان لە هەولێر، بەهاوکاریی سێ لە هاوڕێی دیکەیان بەناوەکانی(ڕ، ج )،( ژ، م، ک)، (د، ه)، دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر کچێکی خوار تەمەنی(18) ساڵی بەناوی(س، ی، ت).
هاوکات، دادگا بە تاوانی هاوکاریی کردنی تاوانبارانی سەرەکی، بەپێی ماددەی (396-بڕگەی دوو) لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر هەریەک لە(ڕ، ج )،( ژ، م، ک)، (د، ه) دەرکرد.
بەپێی زانیارییەکانی نیان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر، دایکی کچە 18 ساڵییەکە لەگەڵ کچەکەی، ئەمڕۆ ئامادەی بڕیاری دادگا بوون.