ریاڵ مەدرید - ئۆساسۆنا| یانە شاهانەکە ریکۆردێکی مێژوویی هەیە

ریاڵ مەدرید - ئۆساسۆنا
ریاڵ مەدرید - ئۆساسۆنا

کارگێڕی یانەی ریاڵ مەدرید زۆر هەوڵیدا بۆ ئەوەی ئەنجومەنی لالیگا رازی بکات، یاری گەڕی یەکەمی خولەکە بەرامبەر ئۆساسۆنا دوابخرێت، بە بیانۆی ئەوەی بەهۆی بەشداری کردن لە مۆندیالی یانەکان، کاتێکی زۆر کەمیان بەردەست بووە بۆ ئامادەکاری، بەڵام داواکارییەکەیان رەتکرایەوە.

چابی ئاڵۆنسۆ لە یەکەم وێستگەی بۆ وەرزی نوێی لالیگا، پێنج یاریزانی بەهۆی پێکان و دوورخستنەوە بەردەست نابێت، هەر یەکە لە جود بێلینگهام و فێرلاند مێندی و کاماڤینگا و هەروەها ئێندریک، بەهۆی پێکان یاری ناکەن و لە بەرامبەردا رۆدیگێری بەرگریکاریش بەهۆی سزادان بەشداری ئەو یارییە ناکات.

چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، سەبارەت بە یاری پێکردنی دانی کارڤاخال و ئارنۆلد لە هێلی بەرگری راست گووتی، ئەوان لە زۆربەی پۆستەکان دوو یاریزانیان هەیە و دەزانن چۆن سوود لە یاریزانەکان ببینن.

'' من نامەوێت بیر لەوە بکەمەوە بۆ هەڵبژاردنی یاریزانێک دەبێت دادپەروەری هەبێت، ئەوەی بۆ من گرنگە دەبێت زۆر بە خێرایی ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە. ئێمە لە زۆربەی پۆستەکان دوو یاریزانی باشمان هەیە، هێلی راستی بەرگری یەکێکە لەو پۆستانە، لەو پۆستە خاوەنی دوو یاریزانی نایابین ئەوانیش بریتین لە کارڤاخال و ئارنۆلد. دانی زۆر بە باشی راهێنان دەکات و زۆر نزیکە لە گەڕانەوە بۆ ئاستی راستەقینەی خۆی، هەروەها ئارنۆڵد یەکێکە لە باشترین یاریزانانی بەرگری راست. ئێمە زۆر یاریمان هەیە و دەبێت لە هەموو پۆستەکان یاریزانی رکابەرمان هەبێت ''

ریاڵ مەدرید لە دوایین  پێنج یاری بەرامبەر ئۆساسۆنا، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و خاوەنی چوار بردنەوە و هەروەها بەرامبەربونێکە، دوایین یاریشیان یاری وەرزی رابردوو بوو لە یاریگای یانەی بەرامبەر، کە یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی هات.

یانە شاهانەکە 14 ساڵە بەرامبەر ئۆساسۆنا نەدۆڕاوە، دوایین دۆڕانی بەرامبەر ئەو یانەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2011، ئەو کاتە مێرنگی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دۆڕا. هەروەها خاوەنی زۆرترین ناسناوی لالیگا 16 وەرزە لە یاری سەرەتای خولەکە تووشی دۆڕان نەبووە.

 

 
Fly Erbil Advertisment