لە هەولێر ڕۆژی جیهانی فۆتۆ بەرز ڕاگیرا

لە گەڵ فۆتۆگرافەرێکی دێرینی شاری هەولێر، هاتوینەتە یەکێک لە کۆنترین ستۆدیۆکانی فۆتۆگرتن، مامە سابیر لە ساڵی 1958 ، لەو کاتەی تەمەنی 12ساڵ بووە ، بوەتە شاگردی گیوی موکرییانی و لەم ستۆدیۆیە دەیان بیرەوەری لەگەڵ فۆتۆگرافێرەکانی دیکەی شارەکە هەیە.
وەک خۆی باسی لێوەدەکات ئەو کات سێ فۆتۆگرافەر بوونە، بە ئاماژەکردن بە یەک لە کامێراکانی دەمانباتەوە بۆ سەردەمی کۆن و ستۆدیۆیەکی بچووک کە لە چاوی خەڵکی ئەو کات سەیر و سەمەرە بووە.
سابیر محەمەد، فۆتۆگرافەری دێرین، ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی گوت: لە ساڵانی کۆنەوە کاتێک کەسێک دەهاتە لای ئێمە و وێنەمان بۆی دەچرکاند، چونکە کامیرای نەدیتبوو، سەری دەسوڕما و دەیگوت، ئەوە چۆن وێنە دەگرێت، ئێمەش بەهەر جۆرێک با، بۆمان ڕووندەکردەوە.
لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و هاتنی مۆبایل بازاری فۆتۆگرافەرەکانیش لاواز بوە، بەڵام زۆریشن ئەوانەی تاوەکوو ئێستا چێژ لە فۆتۆی کامێرا دەبینن، ئەمە گوتەی میرانە کە لە پیشەکەی باوکی بەردەوامە و لەو باوەرەدایە هەموو کەس دەتوانێ فۆتۆ بگرێ، بەڵام هەمووان چاوی فۆتۆگرافیان نیە.
میران راجۆ، فۆتۆگرافەر، بە کورستان24ـی گوت: بەهۆی مۆبایلەوە، وەکوو پێشتر هاووڵاتییان وێنە بە کامێرا ناگرن، بەڵام ئەو کەسانەی وێنەی مامەڵەیان پێویستە سەردانمان دەکەن، چەندین ساڵە لەم دوکانە وێنە بۆ هاووڵاتییان دەچرکێنین و لەسەر هەمان ڕێچکەی باوکمان بەردەوامین، بڕیاریمان نەداوە هەرگیز واز لەو پیشەیە بهێنین.
بەبۆنەی رۆژی جیهانی فۆتۆ، لە ئۆرزدی کە کۆنترین شەقامی فۆتۆگرافەرانی هەولێرە، مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر بۆ رێزگرتن لە فۆتۆگرافەران ئەم پێشانگاییە کردەوە.

